ئیتلاعاتی شاری پیرانشار ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکان بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە دەکات

16:23 - 15 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: گوشارهێنان بۆ سەر ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامی ڕۆژ بە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار بە ناردنی بەرگەی\"احضاریە\" بۆ ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون، ئەوان بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە دەکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات.

ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون، پاش سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار، لە لایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە لە گەڵ لێپێچینەوە بەرەوڕوو دەبنەوە و گووشاریان بۆ دەهێندرێت.

مەئموورانی ئیتلاعات، هەڕەشەیان لە ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکان کردووە، لە هەر جۆرە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان خۆیان ببوێرن، ئەگینا لەگەڵ هەڵسووکەوتی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی بەڕەوڕوو دەبنەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، وەزارەتی ئیتلاعات لە کوردستان بانگهێشتی ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکانی دەست پێکردووە کە ئەم مەسەلە نیگەرانی لای بنەماڵەی ئەم کەسانە درووست کردووە.

چاوەدێرانی سیاسی هۆکاری بانگهێشتی ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی تاران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە کوردستان بۆ \" چالاکی بەرچاوی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا\"، دەگەڕێننەوە.

ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکان ئەو هەوڵەی وەزارەتی ئیتلاعات بە\"نایاسایی\" دەزانن.