ئیتلاعاتی شاری پاوە لاوێکی تەمەن ٢٦ ساڵەی دەستبەسەر کرد

15:03 - 4 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ١ی خەرمانان، لاوێکی خەڵکی شاری پاوە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

\"30698.jpg\"
عومران ئەحمەدی
هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، شوناسی ئەو لاوەی \"عومران ئەحمەدی\" تەمەن ٢٦ ساڵ ڕاگەیاندووە.

عومران ئەحمەدی
یەکێک لە نزیکانی عومران لە وتوێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، گوتی:\"هۆکاری سەرەکی دەستبەسەر کردنی عومران ئەحمەدی ناڕوونە و هەتا ئێستا لە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

دەستبەسەر کردنی ئەو لاوە کوردە هاوکاتە لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ٢٥ ئەدمینی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستانی ئێران، لەلایەن ناوەندی ئەمنیەتی سایبێری سپای نەبی ئەکرەم لە شاری کرماشانەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراوە لە ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا ١٤ هاووڵاتیی کورد، لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، مەریوان، ورمێ، پاوە، سەردەشت، شنۆ و بانە لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتی هێزەکانی ئیتلاعات و سپای پاسدرانەوە دەستبەسەر کراون.