ئیتلاعاتی شاری ورمێ هاووڵاتییەکی سەردەشتیی دەسبەسەر کرد

12:46 - 15 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری \"ورمێ\"وە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێ، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"بێورانی خواروو\" لە شاری سەردەشتیان دەسبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوەی، بە ناوی \"ڕشید ئازەری\" کوڕی ئەحمەد، تەمەنی ٤٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی ٣ منداڵ ڕاگەیاندووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێ، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بێ‌ئاگایی خۆیان لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەر کردنی ڕەشید دەربڕیوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.