ئیتلاعاتی شاری شنۆ لاوێکی ئەو شارەیان بە تۆمەتی \"ئەمنیەتی\" دەستبەسەر کرد

16:08 - 25 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری شنۆ لاوێکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ بەبێ بەڵگەی یاسایی چوونەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد و لاوێکی کوردیان لەو شارە دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو لاوە کوردەی بە \"فاروق شاروێرانی\" کوڕی ئەحمەد ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، ئەو لاوە کوردە بە تۆمەتی\"چالاکی سیاسی\" و \"هەوڵدان دژی ئەمنیەتی نەتەوەی لە ڕێگای هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی ئەو لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی زایینی(٢٠١٧) هەتا ١٠ مانگی مەی، ٢٠٧ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کوردستان دەستبەسەر کراون.

لە ڕەوتی دەستبەسەر کرانی ئەو ٢٠٧ هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ٩٧ کەسیان ناڕوونە و ماڵی ٩ کەسیان لە کاتی دەستبەسەر کردندا پشکێنراوەو کەرەستەی شەخسی ١٥ هاووڵاتیی دەستی بە سەر داگیراوە و ١٧ کەسی دیکەیان لە کاتی دەستبەسەر کردندا لە لایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە لێیان دراوە.