ئیتلاعاتی شاری سەقز هەڕەشەی کوشتنی هاووڵاتییەک لە بنەماڵەکەی دەکات

20:23 - 14 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد خەڵکی شاری سەقز، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد و هەڕەشەی کوشتنی کوڕەکەیانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بنەماڵەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"خالید ئەمین‌زادە\"، ناسراو بە \"کاوە سەقزی\" بانگهێشتی ئێدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کردووە و بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی کاوەیان کردووە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بە یەکێک لە براکانی کاوە سەقزیان ڕاگەیاندووە، بۆ بێ‌دەنگکردنی براکەت دوو ڕێگامان لە بەر دەستدایە؛ یان بە ناردنی تیمێکی تێرۆر لە باشوورێ کوردستان تێرۆری دەکەین یان خۆی و هاوژێنەکەی دەسبەسەر دەکەین و دەیهێنینەوە کوردستان.

\"\"خالید ئەمین‌زادە
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەڕەشەی ئیتلاعات لەو هاووڵاتییە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە، ناوبراو هانی لاوان دەدات بچەنه ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای بانگهێشتکردنی بنەماڵەی کاوە سەقزی بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە، چەندین بنەماڵەی خەڵکی ئەو شارەی هان داوە لەسەر کاوە سەقز سکاڵا تۆمار بکەن کە ناوبراو هانی کوڕەکانی داوە، بچنە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

ئیدارەی ئیتلاعات بە برای کاوە سەقزیان وتووە؛ ئێمە هەمۆ شتێکمان لەسەر براکەت بە ئێوە وتووە و دواجار ئێوە نابێ گلەیی و گازندەی ئێمە بکەن.