ئیتلاعاتی شاری سنە چالاکێکی مەدەنیی دەسبەسەر کرد

22:13 - 18 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕ، چالاکێکی مەدنیی کورد بە ناوی \"سەحەر کازمی\" خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێڕشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم ژنە چالاکە مەدنییەیان بە هۆی چالاکی مەدەنیی و ژینگەپارێزی دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕرابردوو، هاوژینی ئەم ژنە چالاکە مەدەنییە کوردە بە ناوی مادێح فەتحی لە لایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا بووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، سەحەر کازمی چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.