ئیتلاعاتی شاری بانە بازاڕیانی مانگرتووی بانگهێشت کرد

22:36 - 18 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانە، بازاڕیانی مانگرتووی بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەیان بانگهێشت و هەڕەشەی لێکردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانە بە بانگهێشت کردنی بازاڕیانی مانگرتوو، هەڕەشەی لەوان کرد کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: \"لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونییدا بازاڕیانی مانگرتووی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە بازاڕیانی مانگرتوو کردووە کە بە زووترین کات کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن\".

مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانە پێی ناوەتە ٢٤مین ڕۆژی خۆی و هەڕەشەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ کۆتایی هێنانی ئەو مانگرتنە سەرتاسەرییه بێ‌ئاکام بووە.

بازاڕی شاری بانە یەکێک لە بازاڕە گەوەڕەکانی ئێران بە ئەژمار دێت کە نزیک یەک مانگە داخراوە و هەتا ئێستا هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی لەو پەیوەندییەدا، لێدوانێکی نەداوە.

بازاڕیانی شاری بانە پاش ٢٤ ڕۆژ مانگرتن، چارەنووسیان لە نێوان بڕیار و گەڵالە جۆراوجۆرەکاندا ناڕوونە و لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەدا، بازاڕیانی پیشەوەرانی شاری بانە بە داخستنی سنوورەکان و زۆربوونی تێچووی گومرک مانیان گرتووە.