ئیتلاعاتی سپا هەڕەشەی دادگایی کردنی دووبارەی لە لاوێکی ئیلامی کرد

16:17 - 25 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شاری دێهلۆڕان، سەر بە پاڕێزگای ئیلام، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە هەڕەشە لێ‌کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، هەڕەشەی دادگاییکردنی دووبارەی لە لاوێکی کوردی خەڵکی شاری دێهلۆڕان بە ناوی \"یوونس باسرە\" کوڕی لازم، کرد.

ئەو لاوە کوردە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: \"سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو (٩٦)، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری دێهلۆڕان، بە بەشداری زۆرەملێ لە نوێژی هەینی و ئامادەبوونی لە سەر گۆڕی کوژراوەکانی شەڕی ئێران و عێراق و خاوەێنکردنەوەی گۆڕەکانیان بۆ ماوەی شەش مانگ مەحکووم کراوم\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"لە کاتی بڕینەوەی حوکمی دووبارەی دادگا هەتا ئێستا، تەنیا جارێک ئەو کارەم جێبەجێ کردووە و بەو بۆنەوە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا، هەڕەشەی دووبارە دادگاییکردنی لێ‌کردووم\".

ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستەڕوو؛ \" بڕێارە لە ٤٠ ڕۆژی داهاتوودا، دادگایی بکرێم و دادگا دووبارە بۆ من حوکمی نوێ ببڕێتەوە\".

ئەو لاوە کوردە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە گرتووخانەکانی حیفازەت ئیتلاعات و ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکان، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ‌کرا.

حوکمی بڕاوە بۆ ئەو لاوە کوردە، لە دادگایی ئینقلابی شاری دێلهوڕان کە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا بە سەریدا سەپابوو، بەم چەشنەیە\"
١-بەشداری لە نوێژی هەینی هەموو حەوتوویەک بۆ ماوەی ٦ مانگ و دانی تەئیدیە لە نووسینگەی پێشنوێژی شاری دێهلوڕان.

٢-بەشداری لە سەر گۆڕی کوژراوەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری دێهلوڕان هەر حەوتوویەک ڕۆژی هەینی و خاوەێنکردنەوەی گۆڕەکانیان و دانی تەئیدیە لە لایەن ئیدارەی بونیادی شەهیدی دێهلۆڕان و سپای پاسداران ناوچەی دێهلۆڕان بۆ ماوەی ٦ مانگ.

٣-دروست کردنی پەیجێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینیستاگرام بە ناوی خۆی و بڵاوکردنەوەی وەسیەتنامە و کورتەیەک لە ژیاننامەی کوژراوانی ٨ ساڵەی شەڕی بەرگری پیرۆز و هەر حەوتوویەک یەکێک لە کوژراوەکانی شاری دێلهوڕان و دانی ڕاپۆرت مانگانە بەو ناوەندە حکوومەتییە.

\"\"
ئیتلاعاتی سپا هەڕەشەی دادگایی کردنی دووبارەی لە لاوێکی ئیلامی کرد

\"\"
ئیتلاعاتی سپا هەڕەشەی دادگایی کردنی دووبارەی لە لاوێکی ئیلامی کرد