ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە سەرنووسەری دووحەفتانەمای ئاگرینی رۆژی بانگهێشت کرد+وێنـــه

21:57 - 4 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی \"ئاگرینی رۆژ\" لە شاری سنە، بانگهێشتی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەو شارە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ، مەحموود مەحموودی سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی ئاگرینی رۆژ و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ژووری راگەیاندن (خانەی مطبوعات) لە شاری سنە، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت کرا.

مەحموود مەحموودی کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ، خۆی بە حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە ناساندووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە.

\"19604.jpg\"
مەحموود مەحموودی سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی ئاگرینی رۆژ
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنەوە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ژووری راگەیاندن لە دانیشتنێکدا دوو خاڵ لە پێڕەوی نێوخۆی نوێی ژووری راگەیاندنیان گۆڕیوە، کە یەکێک لە هەواڵنێرانی هەواڵدەریی فارس وتەکانی سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی ئاگرینی لەو دانیشتنەدا بەرئاوەژوو لە هەواڵدەریی فارس بڵاو کردۆتەوە.

دەگوترێت، پاش بڵاوبوونەوەی بەرئاوەژووی وتەکانی مەحموود مەحموودی لە هەواڵدەریی فارس، ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ژووری راگەیاندنی هەڵوێستیان نواندووەو لە نامەیەکدا وڵامی ئەو هەواڵەی فارسیان دایەوە، کە ئەمە دەستێوەردانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی لە شاری سنە لێکەوتۆتەوە و بەو هۆیەوە مەحموود مەحموودی بانگهێشت کراوە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نامەی ئەندامانی لێژنەی بەرێوەبەریی ژووری راگەیاندن، هەواڵدەریی فارس، کە ماڵپەڕی فەرمیی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە، ئەو هەواڵەی لەژێر ناوی (حاشیەنگاری خبرگزاری فارس از مجمع فوق‌العادەی خانەی مطبوعات کردستان) لەسەر ماڵپەڕەکە سڕیوەتەوە.

مەحموود مەحموودی پێشتر سەرنووسەری حەفتەنامەی گەڕووس لە شاری سنە و یەکێک لە چالاکە فەرهەنگییەکانی شاری سنەیە، کە پێشتریش لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە \"شێواندنی رای گشتی\" تۆمەتبار کرابوو.