ئیتالیا /شانۆیەک سەبارەت بە سووکایەتی کردنی دەزگای قەزایی ئێران بە جلوبەرگی ژنانەی کوردی نمایش کرا+وێنە

15:56 - 12 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران و نێشتەجێی وڵاتی ئیتالیا شانۆیەکی تایبەتییان سەبارەت بە بڕیاری دەزگای قەزایی لەمەڕ سووکایەتی کردنی بە ژنانی کورد، ساز کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەیەکی چوارکەسیی کوردی نیشتەجێی وڵاتی ئیتالیا بە هاوکاریی رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئیتالیایی، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ سووکایەتی کردن بە جلوبەرگی ژنانەی کوردی، شانۆیەکیان ساز کرد.

محەممەد وەیسی یەکێک لە ئەکتەرەکانی ئەو شانۆیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ دوابەدوای ئەوەی کە هێزی ئینتزامیی حکوومەتی ئێران بەبڕیاری دەزگای قەزایی سووکایەتی بە جلوبەرگی ژنانەی کوردی کرد، ئەو شانۆیەمان دروست کرد.

ئەو چالاکە سیاسییە گوتیشی کە بەهاوکاریی شانۆکارێکی دانمارکی و نیشتەجێی ئیتالیا بەناوی \"ئاننا ستەیسگارد(Anna stigsgaard)\"، بۆ ماوەی ٢مانگ و بە بەشداریی ١٢٠ ئەکتەر ئەم شانۆیەمان ساز کرد و بە زمانی ئیتالیایی نمایش کرا.

محەممەد وەیسی هۆکاری بە شانۆ کردنی ئەو سووکایەتییەی دەزگای قەزای بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە خەڵکی وڵاتی ئیتالیا تێبگەیەنێت کە ژنان لەوڵاتی ئێران بە بەردەوامی و بەشێوەی سیستماتیک لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە سووکایەتییان پێ دەکرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە بەشێک لەو شانۆیەدا هاوسەرەکەم بۆ خەڵکەکەی روون کردەوە کەژنان لە وڵاتی ئێران بە بەردەوامی سووکایەتییان پێ دەکرێت کە ئەمەش بووە هۆی ئەوە کە زۆربەی ئەو کەسانەی بۆ دیتنی شانۆکە هاتبوون، دەست بکەن بە گریان و هاودەردیی خۆیان لەگەڵ ژنانی کورد دەرببڕن.

محەممەد وەیسی کە بەجلوبەرگی ژنانەی کوردییەوە لەو شانۆیەدا رۆڵی بینوە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شانۆیە پێشتریش لە مانگی پووشپەڕدا نمایش کرابوو، کە بەهۆی داخوازیی سەرلەنوێی خەڵکی ئیتالیاوە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ئەمساڵ بۆ جاری چوارەم لە سینەمای شاری \"پۆنتێدرا\"ی ئیتالیا نمایش کرایەوە.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە هاووڵاتییەک بەناوی \"توفیق خۆشنەواز\" ناسراو بە \" تۆفیق داباشی\" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان و بە بڕیاری دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان، جلوبەرگی ژنانەی لەبەر كرابوو و لە شەقامەکانی ئەو شارە پیشانی خەڵک درا.
\"17178.jpg\"

\"17177.jpg\"

\"17181.jpg\"

\"17180.jpg\"

\"17179.jpg\"

\"17183.jpg\"