ئیبراهیم تاریمورادی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی دەسبەسەر کرا

13:29 - 1 جۆزەردان 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیبراهیم تاریمورادی" کوڕی محەممەد ساڵح خەڵکی گوندی "هەمڕۆڵە"ی سنە، پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی ٤ی جێبەجێکاریی یاسای کەیفەریی ئەو شارە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن لقی ٤ی جێبەجێکاریی یاسای کەیفەریی سنە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی بەدەستی گەیشتبوو.

ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و ٣٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ بە شێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

 ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠، ئیبراهیم تاریمورادی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا قۆناغی کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" و "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

شەوی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ئیبراهیم تاریمورادی، هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.