یاری کردن بە مادە تەقەمەنیەکان ١٤ قوربانیی لێ‏کەوتەوە

15:02 - 19 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی یاری کردن بە مادەی تەقەمەنی لە بەرەبەری چوارشەممە سووری، لە شارەکانی کوردستان، ١٤ کەس بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمە، لە پێشوازیی ڕێوەڕەسمی چوارشەممە سووری لە شاری شنۆ، هاووڵاتیەکی تەمەن ٢٢ ساڵە گیانی لەدەست‏دا و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"حوسێن قوربانی\" کوڕی محەممەد ڕاگەیەنراوە.

\"29730.jpg\"
حوسێن قوربانی
هاووڵاتییەکەی دیکەی تەمەن ١٤ساڵە، بە هۆی تەقینەوەی نارنجەکی دەست ساز، لە ماڵەکەی خۆیدا، لە گەڕەکی \"کانی گڕاو\"ی شاری شنۆ، چاوی چەپی لەدەست داوە.

بەرپرسی ئیدارەی لەش ساغی و دەرمانیی شاری شنۆ، ئاماری کوژراو و بریندارانی ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری لەو شارە ١٣ کەس ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییانە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری شنۆ کراون، بڵام چوار هاووڵاتیی بە هۆی سەختیی برینەکەیانەوە ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی تەمەن ١٣ ساڵەش لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆی یاری کردن بە کەرەسەی چێ کردنی تەقەمەنی بۆ چوارشەممە سووری، بریندار دەبێت و دوای یەک حەوتوو لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

ڕێوڕەسمی چوار شەممە سووری یەکێک لە ڕێوڕسمە کۆنەکانی ئیڕانییەکان و بە کردنەوەی ئاگر لە دوایین چوار شەممەی ساڵ دەگوترێ.