یارمەتی خواستنی باوکی هووشمەند عەلیپوور، لە خەڵکی کوردستان

14:01 - 29 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: باوکی \"هووشمەند عەلیپوور\"، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی سەقز، داوای لە خەڵکی کوردستان کردووە، که پەیوەست به کەمپەینی ئازادیی \"هووشمەند عەلیپوور\" و \"محەممەد ئوستادقادر\"ەوە بن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"مستەفا عەلیپوور\"، باوکی \"هووشمەند عەلیپوور\"، زیندانیی سیاسیی کورد، لە نامەیەکدا ڕوو بە خەڵکی کوردستان داوای کرد، که بۆ ئازادکرانی \"هووشمەند عەلیپوور\" و \"محەممەد ئوستادقادر\" هەوڵ بدەن و گیانیان لە مەترسی ڕزگار بکەن.

باوکی \"هووشمەند عەلیپوور\" لەم نامەیەدا نووسیویەتی: هووشمەند عەلیپوور، لە ساڵی ١٣٨٨، بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە زیندانی ورمێدا بووە و لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ شەڕ لەگەڵ داعش پەیوەست بە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانەوە بوو و لەو ماوەیەشدا چەندین جار بریندار ببوو.

ئەو هەروەها نووسیویەتی: لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩١دا، \"هووشمەند عەلیپوور\"، لە شوێنێک به ناوی \"کەلی خان\"، لە نێوان سەقز و بانەدا دەسبەسەر دەکرێت. پاشان لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێیەکانی بە ناوی \"محەممەد ئوستادقادر\" دەگوازرێتەوە، بۆ ئیتلاعاتی شاری سنە و لە ژێر ئەشکەنجەی زۆردا لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا، ناچار به دانپێدانان لە تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامییدا دەکەن.

مستەفا عەلیپوور، لەم نامەیەدا هەروەها نووسیویەتی: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە چەند جار پێوەندی به بنەماڵەی هووشەمەندەوە دەکەن و پێیان ڕادەگەینن کە دەتوانن لە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەردا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر چاویان به هووشمەند بکەوێت. پاش ماوەیەک لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاویدا دەگوازرێتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز و ئێستا کە من خەریکم لەگەڵ ئێوە قسە دەکەم لەگەڵ هاوڕێیەکەی لە زیندانی گشتیی سەقزدایە و بەتەمای ڕۆژی دادگاییکرانیەتی. لە مانگدا یەکجار مافی چاوپێکەوتنیان هەیە و لە بواری ئێمکاناتی سەرەتاییی زیندانەوە لە دۆخێکی سەختدا دەژین.

به وتەی باوکی هووشمەند عەلیپوور، پارێزەری ئێختیاریان بۆ گرتووە، بەڵام تا ئێستا ئیزنیان نەداوە کە کارەکانی جێبەجێ بکات. ناوبراو هەروەها وتوویەتی: بنەماڵەمان لە دۆخێکی خراپدایە و نیگەرانی چارەنووسی کوڕەکەمانین.

ناوبراو لە کۆتاییدا داوای لە خەڵکی کوردستان بەتایبەت، کوردستانی عێراق کردووە که بۆ ئازادیی هووشمەند عەلیپوور و محەممەد ئوستادقادر، حکوومەتی ئێران بخەنە ژێر گوشار و پەیوەست بە کەمپەینی ئازادی ئەم دوو کەسەوە بن.

ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی گەلاوێژ به تۆمەتی \" ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و پاش ١٠٨ ڕۆژ زیندانی، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەر لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرانەوە.