یادی قوربانیانی قوتابخانەی شیناوێ لە تاران بەرز راگیرا+وێنــە

20:45 - 16 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ساڵڤەگەری رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی کچانەی شیناوێی پیرانشار، لە شاری تاران و لەلایەن خوێندکارانی کوردەوە بەڕێوە چوو.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی رۆژی هەینی ١٥ی سەرماوەز، خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی تاران، بە مەبەستی رێزگرتن لە قوربانیانی رووداوی قوتابخانەی کچانەی شیناوێ، لە پارکی لالەی شاری تاران رێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

کاتژمێر ٨:٣٠ سەر لە بەیانی رۆژی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١، ٣٧ کچە قوتابیی قوتابخانەی سەرەتایی، بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە پۆلەکەیاندا لە گوندی شیناوێی پیرانشار، تووشی سووتان بوون و لە ئەنجامدا ٢ کەسیان بە ناوەکانی \"سەیران یەگانە\" و \"سارینا رەسوڵزادە\" گیانیان لەدەست دا.

چەند رۆژ پێش ئێستا بەشی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی حکوومەتی ئێران باسی لە تێچووی سێ میلیارد و ٥١١ میلیۆن ریالیی قوربانیانی شیناوێ کردبوو.

رۆژی رابردوو بنەماڵەی منداڵانی شیناوێ لە چاوپێکەوتنێکیاندا لەگەڵ رەسووڵ خزری نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیس و مووسا رەسووڵی بەرپرسی نوێی پەروەردە و بارهێنانی پیرانشار، وەرگرتنی هەر چەشنە یارمەتییەکی ماڵییان بۆ دەرمانی منداڵەکانیان رەت کردبوویەوە.

رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی خەرمانای ئەمساڵ، شەهرام نازری، گۆرانیبێژی ناسراوی کورد بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە کچە قوتابیانی شیناوێی پیرانشار، کۆنسێرتێکی موسیقای لە ساڵۆنی پێشانگەی نیونەتەوەیی تاران بەڕێوە برد و بەشێک لە داهاتی ئەو کۆنسێرتەی بۆ دەرمانی ئەو کچانە تەرخان کرد.
\"17238.jpg\"

\"17237.jpg\"

\"17236.jpg\"

\"17239.jpg\"

\"17240.jpg\"

\"17241.jpg\"