یادی \"دەیەی فەجر\" لەئێران و فشار بۆ سەر شۆفیر تاکسییەکانی کوردستان

14:42 - 18 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: سەندیکای تاکسیڕانی و شارەوانیی شاری مەهاباد زەخت و فشارییان خستۆتە سەر شۆفیر تاکسییەکانی ئەو شارە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەشاری مەهاباد بە شۆفیر تاکسییەکان وتراوە، دەبێ‌تراکتی تایبەت بە \"دەیەی فەجر\" بە شووشەی ماشێنەکانیانەوە بچەسپینن.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری مەهابادەوە لە زاری چەند کەسێکەوە رایگەیاند، سەندیکای تاکسیڕانی تراکتێکی بە شۆفیر تاکسییەکان داوەو پێی وتوون دەبێ لە شووشەی ماشێنەکانیانی بدەن و ئەگەر سەرپێچی بکەن بەرەوڕوو سزا دەبنەوە.

هەموو ساڵێک لە رۆژی ١٢ی رێبەندانەوە چالاکیی و رێوڕەسم بە بۆنەی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دەسپێدەکات و لەرۆژی ٢٢ی رێبەندانیشدا رێپوانی تایبەت بەڕێوە دەچێت.

هەر چەندە ئەو رێپوان و یادکردنەوەیە لەکوردستان بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران کەمڕەنگترە، بەڵام بە وتەی هاووڵاتییان حکوومەتی ئێران لەهەوڵی ئەوەدایە بە فشار خستنە سەر چین و توێژەکانی کوردستان بەتایبەت قوتابیان و خوێندکاران ئەو رێوڕەسمە بەڕێوە ببات.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رۆژی ٢٢ی رێبەندان بە رۆژی سەرکەوتنی خۆی بەسەر دەسەڵاتی پاشایەتیدا دەزانی، بەڵام حیزبە سیاسییەکانی کوردستان رایەکی جیاوازیان هەیە و لەو باوەڕەدان کە شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی ١٣٥٧دا لەلایەن \"کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە\" لەچوارچێوەیەکی بەرتەسکدا قەتیس کرایەوە و ئەو نەتەوانەی رای جیاوازیان هەبوو پەڕاوێز خران.