یادی دوکتور ئیبراهیم یونسی لە شاری بانە بەرز ڕاگیرا

14:33 - 24 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: نووسەران و شاعێران و ڕۆشنبیران و خەڵکی بانە ڕێوڕەسمێکیان لە سەر گڵکۆی نووسەر
و وورگێری کورد \"ئیبراهیم یونسی\" لە شاری بانە بەڕێوەبرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چوارمین ساڵڤەگەڕی کۆچی دوایی نووسەر و وەرگێری ناوداری کورد ئیبراهیم یونسی، بەشێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران و شاعێران و خەڵکی بانە و بنەماڵەی ئەو وەرگێرە کۆچ کردووە،بە نیشانە پێزانین و ڕێزگرتن لە یونسی لە سەر گۆڕەکەی لە شاری بانە کۆبوونەوە.

ئازاد یونسی کوڕی ئیبراهیم یوونسی لەو ڕێوڕەسمەدا وێڕای سپاس و پێزانینی خەڵک لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو گوتی: هیوادارم ئەم ڕێوڕەسمە نە، بە بۆنەی ئیبراهیم یونسیەوە، بەڵکوو بە شانازیی کوردستان و بانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ڕێوڕەسمی هاوشێوە بە ئیفتخاری کورد و کوردستان بەڕێوەبچێت.

\"29537.jpg\"
ئیبراهیم یوونسی
ئازاد یونسی لە بەشێکی وتەکانیدا پڕژایە سەر ڕەخنەی نووسەرانی کورد لە یونسی کە بۆچی بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی نەنووسیوە و گوتی: لە کاتێکدا کە ئیبراهیم یونسی خەریکی نووسین بووە لەگەڵ ئاستەنگ و کێشەی زۆر بەرەڕووبووتەوە و لەو سەردەمەشدا، نووسەرانی کورد مەجالی بەشداری لە بواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیان نەبووە.

عەتا نەهایی یەکیکی دیکە لەو نووسەرانە بوو کە چەند وتەیەکی سەبارەت بە بژاردە (نخبە) کانی شاری بانە پێشکەش کرد گوتی: شاری بانە سەرەڕای چووکەیی، هەمیشە مرۆڤی بەربەژێری تێدا هەڵکەوتووە کە بە داخەوە زۆربەیان بە هوی نەبوونی دەرفەتیگەلی فەرهەنگی و نەبوونی فەزایی فەرهەنگی بژاردەکان بە زۆرە ملی وڵاتیان بە جێهێشتووە.

ئیبراهیم یونسی، وەك نووسەر و وەرگێڕێكی ناسراوی كورد بەرهەمەكانی بە فارسی نووسیوە، بەڵام هەوێن و جەوهەری زۆریان، پرسی كوردە.

دوكتور یوونسی دەیان كتێبی نووسراو و وەرگێڕدراوی هەیە، بەشێک لە بەرهەمە ئەدەبییە گرینگەكانی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی.

یونسی، نووسەر و وەگێڕی بەئەزموون، ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوی، لە شاری بانەی كوردستانی ئێران لەدایک بووە و زیاتر لە ١٠ كتێبی نووسیوە و زیاتر لە ٦٠ كتێبیشی وەرگێڕاوە.

دوكتور ئیبراهیم یوونسی بەهۆی نەخۆشییی ئەلزایمر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٠ی هەتاوی، لە شاری تاران كۆچی دوایی كرد و لە زێدی خۆی لە شاری بانە بە خاک سپێردرا.