كۆ كردنەوەی دیشی ماهوارە لە \"بانەوڕێ\"‌ی پاوە

16:33 - 26 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: مەئموورانی ئینتزامیی شارستانی پاوە، بە شێوەیەكی سەرەڕۆیانە و بەبێ‌هەبوونی مۆڵەت دیشی ماهوارەی دانیشتوانی شاری \"بانەوەڕێ‌\"‌یان كۆ كردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزە ئینتزامییەكان بە مەبەستی كۆكردنەوەی دیشی ماهوارەی هاووڵاتییان چوونەتە شاری بانەوڕێ‌لە ١٧ كیلۆمیتری باشووری رۆژهەڵاتی پاوە.

هێزە حكوومەتییەكان زیاتر لە ٢٠ ماهوارە و دیشی هاووڵاتییانی كوردیان كۆكردۆتەوە.

شاری تازە دامەزراوەی بانەوەڕێ‌زیاتر لە ٦٠ بنەماڵەی لەخۆ گرتووە.

\"22109.jpg\"
شاری تازە دامەزراوەی بانەوەڕێ‌
یەكێک لەدانیشتوانی ناوچەكە وێڕای پشتڕاستكردنەوەی حوزووری هێزە ئینتزامییەكان لەو شارەدا وتی: ئەو هێزانە هیچ مۆڵەتێكی یاساییان پێ‌نەبووە و بەشێوەی سەرەڕۆیانە چوونەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان.

ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو، چەند حەفتە بەر لەئێستاش هێزە ئینتزامییەكانی دیشی ماهوارەی دانیشتوانی ئاواییەكانی سەر بەو شارەیان كۆكردبوویەوە.

سەرەتای مانگی رابردوو فەرماندەی هێزی ئینتزامیی ئوستانی كرماشان باسی لە \"گەڵاڵەی بەرینی\" كۆكردنەوەی دیشی ماهوارە لەداهاتوویەكی نزیكدا كردبوو.

زۆربەی چالاكانی مافی مرۆڤ، سیاسیی و فەرهەنگی كۆكردنەوەی دیشی ماهوارەیان لەكوردستان لەراستای سیاسەت سانسۆردا لەقەڵەم دابوو.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەكانەوە بە پێشێڵكاریی مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتییان و رێگری لە زانیاری تاوانبار كراوە.