كۆڵبەرێكی پیرانشاری بە تەقەی هێزە ئینتزامییەكان كوژرا

14:33 - 13 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: كۆڵبەرێكی تەمەن ٣٦ ساڵەی کورد لەكوێستانەكانی قەندیل بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئێران گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٢‌ی جۆزەردان كۆڵبەرێک بەناوی ئیبراهیم رەسووڵی كوڕی مەحموود و خەڵكی ئاوایی \"گردە شینان\"‌لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەكانی شاری پیرانشار کوژرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە خێزاندار بووە، لەشوێنێک بەناوی \"نێرگژان\" تەقەی لێكراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەوتەی كەسێكی ئاگادار، ئیبراهیم كە بە \"حاجی گوێ قیت\" ناسرابوو هیچ كەلوپەلێكی پێ نەبووە و ویستوویەتی بەمەبەستی دابین كردنی بژیوی ژیانی هاوسەر و چوار منداڵەكەی سەردانی سنووری هەرێمی كوردستان بكات.

ئەو هاووڵاتییە كە نەویست ناوی ئاشكرا بكرێ وتیشی: هێزە ئینتزامیەیكانی دوای كوشتنی ئیبراهیم رەسووڵی تەرمەكەی لە پشتی ئەسپێكی قایم دەكەن و دواتر بە هۆی هەڵدێرانی ئەسپەكەوە، تەرمی ئەو كۆڵبەرە كوردە شێواوە و زۆر بە سەختی لەلایەن كەس و كارییەوە ناسراوەتەوە.

دەگوترێت هەمان رۆژ هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران زیاتر لە ١٥ سەر ئەسپی بارهەڵگری هاووڵاتیانی كوردییان لەكوێستانەكانی قەندیل كوشتووەو دەستیان بەسەر زیاتر لە ٦٠ ئەسپی بارهەڵگریشدا گرتووە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش لەدرێژەی كوشتنی كۆڵبەراندا، تۆفیق یووسفی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی ناوچەی سەڵماس، لەناوچە سنوورییەكانی شاری ورمێ بە تەقەی هێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دابوو.

كوشتنی كۆڵبەران و ئەوانەی كە لەسەر \"سنوور\"ـەكان بەدوای پاروە نانێكەوەن، بە بەردەوامی درێژەی هەیە و هەتا ئێستا دووجار ئەحمەد شەهید رێپورتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤی ئێران، رەخنە لە سیاسەتەكانی حكوومەتی ئێران و كوشتنی كۆڵبەرانی كورد لەسەر سنووەركان گرتووە.