كۆڵبەرێكی ١٦ ساڵەی كورد بە تەقەی هێزە حكوومەتییەكانی ئێران، گیانی لە دەست دا

14:22 - 3 بەفرانبار 2716
ئاژانسی كوردپا: كۆڵبەرێكی ١٦ ساڵەی كورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حكوومەتییەكانی ئێران لە سنووری نێوان ئێران و توركیە گیانی لە دەست دا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵی كوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار، كۆڵبەرێكی ١٦ ساڵەی كورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە كوژرا.

هەواڵنێری كوردپا لە ورمێ، شوناسی ئەو كۆڵبەرە مێرمنداڵەی بە \"ئۆزجان خودایی كووران\" خەڵكی گوندی كووران\"ی ناوچەی سۆمای برادۆست لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند.

\"\"شایانی باسە، ئەو مێرمنداڵە كوردە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی ڕووی لە كاری تاقەتپڕووكێنی كۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای ورمێ كردبوو.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپا ڕایگەیاند: هێزە ئینتزامییەكان بە بێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەك، تەقەیان لەو مێرمنداڵە كوردە كردووە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش لە دوو ڕووداوی جیاجیادا، بەهۆی تەقەی هێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ئێرانەوە لە دەڤەرەكانی ماكۆ و بانە دوو كۆڵبەری كورد بە خەستی بریندار كرابوون.

پێشتر موحەممەد ساڵح نیكبەخت، پارێزەری كورد سەبارەت بە كوشتنی كۆڵبەرانی كورد و دەرئەنجامی دۆسیە قەزاییەكانیان، لە وتووێژێكدا لەگەڵ هەواڵنێری كوردپا ڕایگەیاندبوو: \"ئەگەر هەركام لە بڕگەكانی یاسا لە پێوەندی لەگەڵ بەكارهێنانی چەكدا ڕەچاو بكرێن، حاڵەتی مەرگی كۆڵبەران وەكوو \"كوشتنی بە ئەنقەست\" دێتە ئەژمار و \"كەسی بكوژ\" دەبێ بەپێی ئەو یاسایە، سزای ئیعدامی بۆ دەربكرێت\".