كۆڵبەرێكی دیكەی ناوچەی سەردەشت بە دەستڕێژی راستەوخۆ گیانی لێ‌ئەستێنرا

20:45 - 5 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی ناوچەی سەردەشت لە پێناو بژێوی ژیانی بە دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكان گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، حەسەن برایم خزری تەمەن 30 ساڵ و خەڵكی ئاوایی داوداوێ‌سەر بە ناوچەی \"بۆڵفەت\"ی سەردەشت بە تەقەی هێزە ئینتزامییەكان كوژرا.

بەوتەی شایەتحالان ئەو هاووڵاتییە تەنیا باری پووشاك\"جلوبەرگ\"ی پێی بووە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش دوو كۆڵبەری دیكەی سەردەشتی بە ناوەكانی رزگار گەنمان تەمەن 32 ساڵ و خەڵكی ئاوایی \"گەنمان\" و مەحموود دیوەلان خەڵكی ئاوایی \"دیوەلان\" بە تەقەی هێزە ئینتزامییەكان گیانیان لەدەست دابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا دوو كۆڵبەری دیكەش كە ناوی یەكێكیان ساڵح خەڵكی ئاوایی \"هەڵوێ‌\" سەر بە سەردەشت بوو بە توندی بریندار بوون.