كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كورد خوازیاری یەكگرتوویی جیهانیە بەدژی سزای لە سێدارەدان

12:37 - 19 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: رۆژی ١0ی ئوكتۆبر لەلایەن یەكیەتی هاوپەیمانیی جیهانی دژ بە ئیعدام، وەك رۆژی دژی سزای لە سێدارە دانی مرۆڤ پێناسە كراوە و هەر ساڵ ئەم رۆژە وەبیر مرۆڤایەتی دەخرێتەوە، هەتا دەسەڵاتدارانی نادیمۆكراتیك كەمتر لەم میتۆدە كەڵك وەربگرن بۆ سزا دانی مرۆڤ.

بە بۆنەی 10ی ئوكتۆبر (19ی رەزبەر) كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كورد ـ ئورووپا لە بەیاننامەیەكدا وێڕای مەحكووم كردنی دیاردەی ئیعدام لە جیهان بەگشتی و بەتایبەتی لە ئێران داوای لە هەموو لایەنە سیاسی و رێكخراوەكانی كافی مرۆڤ كردووە بە یەكدەنگی و یەكگرتوویی دژ بە سزای لەسێدارەدان رابوەستن.

دەقی بەیاننامەكە:
ئەم ناوەندە زیاتر لە ٦٥ ریكخراوی نێونەتەوەیی لەخۆ دەگرێ كە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ تێدەكۆشن و لەم كاناڵەوە هەوڵ دەدەن هەمو وڵاتانی جیهان قەناعەت پێ بێنن كە سزای لەسێدارەدان نەمێنێت و كەرامەتی ئینسانی بەم شێوازە نامرۆڤانە ژێر پی نەخرێت. هەول و تێكۆشانی ئەم ناوەندە تا رادەیەكی بەرچاو دەسكەوتی هەبووە و زۆر لە وڵاتان ئەم شێوە سزادانە بە سەر مرۆڤ بەبێ حورمەتی دەژمێرن و داواش لە وڵاتان و دەسەڵاتدارانی جیهانی دەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوكمانە هەوڵ بدەن.

لە زۆربەی وڵاتانی نادێمۆكراتیك و دیكتاتۆر لەم مێتۆدە كەڵك وەردەگرن بۆ چاوترساندن و تۆقاندنی تێكۆشەران و بیرجیاوازانی دژ بە دەزگای دسەڵاتدار. ‌كۆماری ئیسلامی ئێران یەكێك لەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرانەی ناوچەكەیە‌، كە ساڵانە بە ئاشكرا سەدان كەس لە سێدارە دەدات، هەروەها بە هەزاران كەسایەتیی سیاسی لەناو زیندانە سامناكەكانیدا ئەشكەنجە دەكرێن. شایانی باسە كە هەر ئێستا‌ بە دەیان كەسایەتیی سیاسی لەژێر مەترسی حوكمی لە سێدارە دان .

رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دەسپێكی دەسەڵاتییەوە، بە دوور لە یاسا گونجاوەكانی مرۆڤایەتی، حوكمەكانی ئیعدامی بە كۆمەڵ، ئەشكەنجە، سەنگسار و بە دەیان شێوازی نامرۆڤانەی بەسەر بەندكراوە بێتاوانەكاندا تاقی كردۆتەوە و‌ سیمای نگریسی خۆی بە جەماوەری ئێران نێشان داوە.

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی سێ دەیەی تەمەنیدا بێوچان كەڵكی لەم شێوە سزادانە وەرگرتوە. تەنانەت لە ئیعدام كردنی مرۆڤی كەم تەمەنیش خۆی نەپاراستووە. بەپێی ئامار لە دو دەیەی رابوردوودا 141منداڵی ژێر ١٨ ساڵی ئیعدام كردووە كە ئەو حوكمانە پێشێلكردنی راستەقینە و راستەوخۆی‌ كۆنوانسیۆنی مافی منداڵان و مەدەنی و سیاسیە، شایانی ئاماژەیە كە ئێران یەكێك لە واژۆكەرانی كۆنوانسیۆنی مافی منداڵانە كە بەپێی بڕیارنامە و پڕەنسیپی ئەم دوو كۆنوانسیۆنە ئیعدامی مرۆڤی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ نایاسایی و دژی‌ حقووقی نێونەتەوەییە‌‌.

بەپێی ئاماری فەرمیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢ دا ٤٥٦ كەس لە ئێران لە سێدارە دراون. ئامارەكە‌ گەلێك زیدەترە لەم ئامارەی حكومەت و لەم ساڵەدا حوكمی زیندان بۆ ٥٢٣ كەس پەسند كراوە و پیدەچێت ئەم رێژەیە لە زیادبووندا بێت .

ئێمە وەك كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كورد لە ئورووپا، داوا لە هەموو كەسایەتییەكی خاوەن‌ هەست و هەموو چالاكڤانانی مەدەنی و ریكخراوەكان و سەرجەم رێكخراو و حیزبە كوردییەكان دەكەین كە بۆ یەكڕیزیی بەرەی تێكۆشەرانی دژ بە سزای ئیعدام، دەنگ بەرز بكەنەوە و تێبكۆشن هاواری دادخوازی بە گوێی خاوەن بڕیارانی وڵاتانی ئورووپایی رابگەیەنن هەتا بەڵكوو بكرێت بەمجۆرە پێش بە ئیعدامی رۆڵەكانی تێكۆشەری وڵاتەكەمان بگرین.
یەكڕیزی و یەكدەنگیی ئێمە دەتوانێ بەرەی بەرخودان و هێزی گەل بە تواناتر بكات.

كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كورد ـ ئو‌روپا
٢٠١٢١٠١٠