گەڵوەنیی کچانی لوڕ، حکوومەتی تووڕە کرد!

19:51 - 16 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: گەڵوەنیی (سەرپێچ) ژنانی کورد، بووە هۆی تووڕەیی دەسەڵاتداران و سەرچاوە مەزهەبییەکانی شیعە لە لوڕستان.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی \"دین ئانلاین\"، پاش بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵێک بە ناوی \"فێستیڤاڵی گەڵوەنی\" لە خوڕڕەم‏ئاباد، دەنگی ناڕەزایەتیی بەرپرسانی حکوومەتیی و سەرچاوە مەزهەبییەکان بەنیسبەت \"حیجابی خراپ\" لە لوڕستان دەرهاتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا، بەڕێوەبەری گشتیی دادگاکانی خۆڕڕەم‏ئاباد باسی لە دیاری‏کردنی لقێکی تایبەت لە دادگا گشتییەکانی ئەو شارەدا کرد لە پێوەندیی لەگەڵ پەروەندەگەلی ناوزەدکراو بە \"بەدحیجابی\".

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە گوتیشی: \"ئەو کەسانەی بە بێ‏ حیجابی شەرعی لە شوێنە گشتییەکان و لە پێش‏چاوی خەڵک دەرکەون، لە ١٠ ڕۆژەوە تا ٢ مانگ دەستبەسەر دەکرێن یان سزای نەختییان بۆ دەبڕدڕێتەوە\".

\"گەڵوەنی\" چەشنێک سەرپێچی فولکلۆری دێرێنە و یادگاری سەردەمی مادەکانە کە کچان و ژنانی کورد و لوڕ لە سەری دەبەستن. لە دوو ساڵ لەوەپێشەوە بە هێممەتی کۆمەڵێک لە کچانی خۆڕڕەم‏ئاباد، ڕۆژی ٢٦ی بانەماڕ وەکوو \"ڕۆژی لەچکی لوڕی\" ناوزەد کراوە. بڕیارە هەموو ساڵێک لە بەهاردا و لە ٢٦ی بانەمەڕدا، کچانی لوڕ ئەم سەرپێچە فۆلکلۆرییە بە خەڵکانی دیکە بناسێنن.

بەڵام پاش بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە کە هەندێ لە بەرپرسانی حکوومەتییش بەشدارییان تێدا کردبوو، هەندێ لە کەسایەتییە مەزهەبی و پێشنووێژەکان، دەنگیان دەرهات و لەبەرامبەر بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە و ئەم لەچکەدا ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناوەندە بڕیاردەرەکان لە ئێران تەنیا ئەو چەشنە حیجابەیان قبووڵە کە دەوڵەت دیاریی کردووە و وەکوو جلوبەرگی فەرمی پێناسەی بۆ دەکەن و لەو پێوەندییەدا تەنانەت جلوبەرگی ڕەسەنی ژنانی کوردیش کە داپۆشراوییەکی تەواوی هەیە، لە بازنەی تۆمەتی \"بەد حیجاب\"، نەیتوانیوە دەرباز بێت.