گەڕاندنەوەی مەحموود ساڵحی بۆ گرتووخانە

14:34 - 22 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: مەحموود ساڵحی، چالاکی کرێکاریی کورد، لە نەخۆشخانە بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گەڕێندرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاریی کورد، کە بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانە ڕاگوازرابوو، سەرەڕای هۆشداری پزیشکان، بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گوازرایەوە. منداڵی ئەو چالاکە کرێکارییە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووتەوە.

ئەو چالاکە کرێکارییه، سەرەڕای نەخۆشی دڵ بە هۆی کێشەی گورچیلە دەبێ حەفتەی دوو جار دیالیز بکرێت. ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەر، ئەو چالاکە کرێکارییە بەپێی حوکمی دادگای سنە بە قووڵبەستی لە نەخۆشخانە دیالیز کراوە و بۆ تێپەڕاندنی ساڵێک حوکمی زیندانی تەعزیری بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گوازرایەوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە، بەبێ بوونی پارێزەر لە دادگای سەرەتایی سنە، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە دامەزراوەکانی دژبەری نیزام و پڕوپاگەندە بە دژی نیزام\" بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری گۆڕدرا.