گەندەڵی سووتەمەنی لە پەرویزخان، دەستبەسەرکرانی بەکۆمەڵی لێکەوتەوە

22:35 - 2 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٢٠ کەس فەرمانبەری بازاڕچەی سنووریی پەرویزخان لە ئوستانی کرماشان، بەهۆی \"گەندەڵی ماڵی\"یەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی ئیدارە پەیوەندیدارەکانی بازاڕچەی پەرویزخان لە قەسری شیرین، بە تۆمەتی \"گەندەڵیی ماڵی\" دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزران.

لێپرسراوێکی حکوومەتی، کە شوناسی بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا روون نەبۆتەوە، لە نێو دەستبەسەر کراوەکاندایە، کە گازاوڵ و مازووت(نەوتی خەست و تایبەت بە کوورە)ی قاچاخ لە رێگەی خاکی ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان هەناردە دەکرد.

سەرچاوە خۆجێیەکان لە ئوستانی کرماشان شوناسی خوازراوی ژمارەیەک لەو کەسانەیان \"ب م\"، \"م ئەلف\"، \"م ر \"، \"ن ی\" و \"س د – ب\" راگەیاندووە.

ماڵپەڕی قەسر نیوز، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردۆتەوە: \"گەندەڵیی ئەو کەسانە، کە کاروباری گوومرکیی بازاڕچەی پەرویزخانیان رادەپەڕاند، قەبارەی گەندەڵییەکەی بە رادەی گەندەڵییە سێ هەزار ملیاردییەکەی تۆڕی بانکیی وڵاتی ئێران دەبێت، کە ئەو گەندەڵییە سێ هەزار ملیاردییە بە گەورەترین گەندەڵیی ماڵی لە مێژووی وڵاتی ئێراندا ئەژمار دەکرێت\".

بەپێی ئەو راپۆرتانەی بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، کەسانێک کە دەستیان لە گەندەڵیی سووتەمەنیی سنووری پەرویزخاندا هەبووە، لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

پێشتریش سەلمان زەهاب‌پوور نوێنەری بازرگانەکانی بازاڕچەی پەرویزخان وێڕای رەخنەگرتن لە بەرپرسانی ئەو بازاڕچە سنوورییە، رایگەیاندبوو: هاتوچۆی تانکێرەکانی هەڵگری سووتەمەنی یەک تمەن قازانجیان بۆ شاری قەسری شیرین نییە و کەسانێکیش لە پشتی ئەم مەسەلەیەوەن، کە قازانجەکەی راستەخۆ دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە و پێویستە رێگەچارەیەک بۆ ئەم مەسەلەیە بدۆزرێتەوە.

لە حەفتەی رابردوودا ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسە کوردەکان هەواڵی ئاودیو کردنی سووتەمەنی و قاچاخی کەلوپەلیان لە خاڵی سنووریی قەسری شیرین و لەلایەن سێ کۆمپانیای سووری، شاهین و داڵاهۆ \"ترابر\"ەوە، بڵاو کردبوویەوە.

شاسوار بەستامی لە راپۆرتێکدا و لەژێر ناوی \"گەندەڵیی نەوتیی شاراوە\" لە سنووری پەرویزخان، نووسیبووی: رۆژانە ٤٠٠ کامیۆن لە هەرێمی کوردستانەوە دێنە خاڵی سنووریی پەرویزخان، کە بۆ هەر کامیۆنێکی هەڵگری نەوت یان مازووت، ٢٣٥ دۆلار پارە وەردەگیرێت و لە رۆژێکدا بڕی ١١٢/٠٠٠/٠٠٠/٠ ریاڵ داهاتی هەیە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەیان کەس لە لێپرسراوانی ناوچەیی و ئوستانی بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیل خۆری لە خاڵی سنووریی پەرویزخان دەستبەسەر کرابوون.

هەنووکە بازاڕچەی سنووریی پەرویزخان لەژێر چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی گوومرکی ئوستانی کرماشاندا چالاکی دەکات.