گیلانغەرب/ زیاتر لە ١٧٠ هێکتار دارستان و لێڕەوار لە ئاگردا سووتاون

16:41 - 15 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ١٧٠ هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەی گیلانغەرب لە پارێزگای کرماشان لە ئاگردا سووتاون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەدرێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچەکانی کوردستان، شەوی رابردوو بە هۆی هەورەبروسکەوە دارستانی ناوچەکانی \"وێژنان \"لە شارۆچکەی \"چلە\" لە بەخشی گیلانغەرب کە بە ١٠ هێکتار خەملێندراون لە ئاگردا سووتان.

بەپێی لێدوانەکانی فەرمانداری گیلانغەرب، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەو شارە روویداوە و زیاترلە ١٧٠ هێکتار دارستان و لەوەڕگەی ئەو ناوچەیە لە ناوچوون و ١ میلیارد تمەنیش خەسار بە سروشت و ژینگەکە گەیشتووە.

کەرەم محەممەدی فەرمانداری گیلانغەرب لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمیتەی قەیرانی ئاگرکەوتنەوە رخنەی لە بەرپرسانی حکوومەتی گرتووە و رایگەیاندووە، لەکاتی دروستکردنی رێگاوبانی دارستانی ناوچەکانی ناودار و چلە رێککەوتنامەیەکیان بۆ فریا گوزاری بە هیلی کۆپتێر واژۆ کردووە کە هەتا ئیستا نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بەرپرسی فەرمانداری گیلانغەرب سپاس وپێزانینی خۆی بۆ خەڵکی ناوچەکانی حەیدەریە لە بەخشی گواوور و چلە لە بەخشی ناوەندی شاری گیلانغەرب دەربڕیووە.

هەر چەند بەرپرسایەتیی پاراستنی دارستانەکان و لەوەڕگەکان لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتییەکانی وەک ئیدارەی ژینگەپارێزی، جەنگەڵبانی و ئیدارەی ئاگرکۆژێنەوەیە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هاووڵاتییانی کوردی چالاکی بواری ژینگەپارێزی و خەڵکی گوندەکان بە شێوەی خۆڕسک هەوڵی کۆژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.