گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر گیانی لاوێکی کوردی ئەستاند

15:26 - 11 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر و بەکاربردنی سۆرەنگ، لاوێکی خەڵکی کامیاران، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ، لاوێکی خەڵکی شاری کامیاران، بە هۆی گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر و بەکاربردنی سورەنگ، گیانی لە دەست دا.

\"\"شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە کە تووشبووی مادە هۆشبەرەکان بووە، بە \"حیسام زارعی\" کوڕی براخاس ڕاگەیەندراوە.

تەرمی ئەو لاوە گیرۆدەبووە، لە یەکێک لە پارەکەکانی ئەو شارە دۆزراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی خەڵکی شاری سائین‌قەڵا، لە گوندی \"گۆزڵبڵاغ\" بە هۆی بەکاربردنی مادەی هۆشبەر، باوکی خۆی بە ناوی \"سەعید\" تەمەن ٦٥ ساڵی کوشت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە شاری سەقز، یەکێک لە بنەماڵەکانی شاری سەقز، چەند ڕۆژ پێش کوڕەکەیان بۆ یەکێک لە کەمپەکانی ڕزگارکردن لە دەست ئیعتیاد لەو شارە بردووە،کە لە لایەن یەکێک لە پرسۆنێلی ئەو کەمپە بە توندی لێی درابوو.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە پاش ئەو ڕووداوە، سکاڵا لەسەر ئەو فەرمانبەر تۆمار دەکەن و بەرپرسی کەمپەکەش وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: لێدانی ئەو هاووڵاتییە گیرۆدەبووە، لە لایەن یەکێک لە پرسۆنێلێکی ئەو کەمپە بە هۆی شاردنەوەی مادەی هۆشبەر لە لایەن گیرۆدەبووەکە بووە.