گیروگرفتی ئابووریی زانكۆی پەیام نووری ورمێ‌ داوێنی خوێندكاران گرتووە

14:14 - 27 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: بەهۆی بوونی گیروگرفتی ئابووری لەناو زانكۆی پەیام نووری ورمێ‌ و نەبوونی مامۆستا، خوێندكاران ناچارن بەشێك لە وانەكان لە دەرەوەی زانكۆ بخوێنن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە تێرمی یەكەمی ئەمساڵی زانكۆی پەیام نووری ورمێ‌‌دا لێپرسراوانی ئەو زانكۆیە بە خوێندكارانیان راگەیاندووە كە بەهۆی گیروگرفتی ئابووری بۆ هێندێك لە وانەكان توانایی هێنانی مامۆستایان نیە و ئەم بڕیارەش بۆتە گرفتێك و بەرۆكی خوێندكارانی گرتووە.
\"9462.jpg\"
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو زانكۆی پەیام نووری ورمێ‌ بە ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە، بەتایبەت خوێندكارانی رشتەكانی \"زانستی بنەڕەتی و تەكنیكی و ئەندازیاری\" ناچار بوون وانەكان بە شێوەی ئازاد لە دەرەوەی زانكۆ بخوێنن و بەهۆی چوونەسەری شەهریە و تێچووی ئەو جۆرە وانانە ئەو خوێندكارانەی كە لەباری ماڵییەوە لە رەوشێكی باشدا نین، تووشی كێشە و ئاستەنگ بكات.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئەو كێشانە بوونەتە هۆی ئەوەی كە هێندێك لە خوێندكاران ناچار بوون واز لە خوێندن بهێنن و روو لە بازاری كار بكەن و ئەمەش هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بەڕێوەبەریی تۆكمەی خوێندن و پەروەردە و ئەو گیروگرفتە ئابووریەی كە سەراپای وڵاتی گرتووە و خوێندكارانیش لێی بەری نین.