گیرانی هاووڵاتییان لە شاری شنۆ درێژەی هەیە

14:25 - 15 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ، چوار هاووڵاتیی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان، چوار هاووڵاتیی کوردیان، بە ناوەکانی \"کامیل ئەحمەدی\"، خەڵکی گوندی \"حەسەن‌نووران\"، \"مەقدیر مەحموودزادە\"، خەڵکی گوندی \"سینگان\"، \"ئەبووبەکر میناپاک\"، خەڵکی گوندی \"سەوجە\" و \"تەیب بامرۆوەت\"، خەڵکی گوندی \"سینگان\" دەسبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپای ڕاگەیاند: ئەم چوار ‌هاووڵاتییە کوردە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپای پاسداران دەسبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوە، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هەتا ئێستە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ، دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی \"کورش عەزیزی\" و \" یووسف ئەحمەدی\" دەسبەسەر کردووە.