گیان لە دەستدان و برینداربوونی ١٨ هاووڵاتی، بە هۆی ڕووداوی سروشتی

16:10 - 5 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هاتنی شەپۆلی بای خێرا، لە ناوچەکانی کوردستان، قوربانی بوونی ١٨ هاووڵاتیی کوردی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هەڵکردنی بای توند، کە هێندێک لە شار و گوندەکانی کوردستانی گرتەوە، بوو بە هۆی گیان لە دەستدان و بریندار بوونی ١٨ هاووڵاتیی کورد.

هەواڵدەریی \"مێهر\"ی پارێزگای ورمێ بڵاوی کردۆتەوە، کە لە شاری خۆی بە هۆی ڕمانی داربەست ٦ هاووڵاتیی بریندار بوون و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی قەمەری بەنی هاشم کران.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لە بەشی قوتووری شاری سەڵماس بە هۆی داڕمانی دیواری خانوویەک، هاووڵاتییەک گیانی لە دەست دا و ٨ هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون.

هەروەها بە هۆی هاتنی شەپۆلی با، لە ناوچەی \"بیلە‌سوار\"ی شاری دیواندەرە، ژنێک گیانی لە دەست دا و هاووڵاتییەکی دیکە بە سەختی بریندار بوو.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسی گشتی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێ، ڕایگەیاند: کچێکی تەمەن ٨ ساڵ، بە هۆی شەپۆلی هەڵکردنی بای توند، لە شاری خۆی گیانی لە دەست داوە.