گیان لە دەستدانی یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی کیمیابارانی شاری نۆدشە

14:18 - 22 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بەرکەوتووانی کارەساتی کیمیابارانی شاری نۆدشە، پاش نزیکەی ٣٠ ساڵ کەمئەندامبوون، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری نۆدشە، بە هۆی بەرکەوتنی کیمیایی لە شەڕی ئێران و عێراق گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە ناوی \"حەبیبوڵڵا یەعقووبی\" کەمئەندامی لە ٧٠٪ ڕاگەیندراوە.

بنەماڵەی یەعقووبی چەندین کەسیان بە هۆی کیمیابارانی شاری نۆدشە، لە شەڕی ئێران و عێراق برینداربوون.

پێش ئەوەی شاری نۆدشە کیمیاباران بکرێت، شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت لە لایەن حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومانی کیمیایی کران.

سەرەڕای بۆردومانی کیمیایی نۆدشە و قوربانی بوونی زۆر كەس، بەڵام هەتا ئێستاش ئاسەوارەی ئەو كارەساتە لەسەر خەڵكەكە ماوەتەوە و لەو پێوەندییەدا ناوەندە حكوومەتییەكان تەنانەت ئامادە نەبوون، كە دۆسییەی تایبەت بۆ ئەو خەڵكە بە مەبەستی قەرەبوو كردنەوە بكەنەوە.

شاری نۆدشە لە ڕۆژەکانی ٢٦ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی و ڕۆژانی ٣ و ١٣ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، کیمیاباران کرا و دوو بنەماڵەی \"فەلاحی\" و \"یەعقووبی\" بەرەوڕووی زۆرترین زیانی گیانی ئەو کیمیابارانە بوونەوە.

نۆدشە لە مەودای ١٠ کیلۆمیتریی سنووری وڵاتی عێراق هەڵکەوتووە، کە لە ماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا کیمیاباران کرا و لە ماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس، لە کۆی ٥٠٠ کەسی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، گیانیان لە دەست داوە.