گیان لە دەستدانی گوماناوی هاووڵاتییەکی ئیلامی

14:39 - 8 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ئێلام بە شێوەیەکی گوماناوی لە ڕووداوی هاتوچۆدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی \"سادق فەتحی\" تەمەن ٣٨ ساڵ لە ڕووداوی هاتوچۆدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵی تێرۆر کردنی شاعێر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری ئیلام ژاکان بارانیان داوە، کە لە هەوڵەکەیاندا سەرکەوتوو نەبوون و ئەمجارە بە گومانی ئەوەیکە ناوبراو سواری ماشینی سادق فەتحی دەبێت و غافڵ لەوەیکە ژاکان باران سواری ماشینی یەکێک لە شاعێرانی دیکە بووە، دەسکاری ڕاگری ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە دەکەن،کە لە ئەنجامدا ناوبراو گیانی لەدەست دەدات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو کە ئەم ڕووداوە لە سێ‌ڕێیانی شاری ئیلام ڕووی داوە و بووەتە هۆی قوربانی بوونی ئەو هاووڵاتییە کوردە.

دەوترێ، پاش ئەو ڕووداوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە گەڵ کەسێکی دیکە کە ڕووخساری بە دەمامک داپێچابوو لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە دەبن و پاش بینینی ڕووداوەکە، دەسبەجێ شوێنەکە بە جێ دەهێڵن.

هێزە ئیتلاعاتییەکان سەرەڕای چەندین جار دەسبەسەر و بانگهێشت کردنی ژاکان باران بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هەڕەشەی کوشتنی ئەو شاعێرە کوردەیان کردبوو.