گیان لە دەستدانی کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

13:22 - 30 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٠ی شەوی ڕابردوو، ٢٩ی ڕەزبەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شاری سەردەشت ژمارەیەک لە کاسبکاری کوردیان دایە بەر دەستڕیژی گوللە و لە ئاکامی ئەو تەقە کردنەدا کاسبکارێکی کورد گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەم کاسبکارە کوردەی \"پشتیوان موعین\" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی \"ڕەحمانە سوور\" خەڵکی گوندی\"گەوڵان\" لە ناوچەی بێتووش ڕاگەیاند.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە نیزامییەکانی جێگر لە پاسگای بێتووش ژمارەیەک لە کاسبکارانیان داوەتە بەر دەستڕێژ و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ١٤ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەم پاسگایە گیانیان لە دەست داوە.

پاش کوژرانی ئەم کاسبکارە کوردە، بنەماڵەی موعین تەرمی کوڕەکەیان بردووەتە بەر فەرمانداری شاری سەردەشت و داوای سزادانی تاوانباران و بکوژی کوڕەکەیان کردووە.

پێشتر سەلاح نیکبەخت پارێزەری کورد سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران و ڕەوتی بێ ئەنجامی پەروەندەکەیان لە یاسایی بنەڕەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندبوو؛ ئەگەر ئەم تێبینی و ماددە یاساییانە لەبەر چاو نەگیرێن، حاڵەتی کوشتنەکە دەبێتە، ئەنقەست (عەمد) و دەبێ بکوژەکە بەپێی یاسا قەساس بکرێت، کە حوکمەکەی سێدارە دەبێت.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ١٢١ کۆڵبەری کورد لە ناوچەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و کوژراو و بریندار بوون.