گیان لەدەست دانی یەکێک لە قوتابیانی رووداوی تەقینەوەی ئیلام

15:13 - 29 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: محەمەدهادی مەلەکیان قوتابیی برینداری رووداوی تەقینەوەی تەقەمەنیی بەجیماوی شەڕ لە ئیلام، پاش ١٩ رۆژ برینداری، گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ٢٩ی رەشەمە محەمەدهادی مەلەکیان تەمەن ١٢ ساڵ و کوڕی کەرەم، کە لە رووداوی تەقینەوەی رێکەوتی ١٠ی رەشەمەدا لە ئیلام تووشی برینداری هاتبوو، گیانی لەدەست دا.

پێشتر مەهدی باباخانی یەکێک لە قوتابیانی برینداری ئەو روودوە رایەگیاندبوو؛ \" یەکەمجار محەمەدهادی مەلەکیان وای لێهات و دواتریش نەمانزانی چی روویدا\".

محمەد هادی مەلەکیان لەو رووداوەدا لەسەدا ٥٧ی جەستەی تووشی سووتان هاتبوو، کە بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە لە بەشی (ئای‌سی‌یو)ی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز خرابوویە ژێر چاودێریی کادری پزیشکیی ئەو نەخۆشخانەیەوە.

ئەو قوتابییەی پۆلی پێنجی سەرەتایی لەو رووداوەدا لاقێکی لە ئەژنۆ بەرەوخوار لەدەست دابوو، کە بە گوتەی پزیشکان ئەگەری بڕینەوەی لاقی چەپیشی لە ئارادابوو.

ئەمیر محەمەد تەمەن ٨ ساڵ و ئەمیر حوسێن پەیکانی تەمەن ١١ ساڵ (برا) کوڕی یەدوڵڵا، محەمەد و مەهدی باباخانی تەمەن ٧ و ٨ ساڵ (برا) و کوری عەلیمەردان و محەمەدهادی مەلەکیان کوری کەرەم، ئەو ٥ قوتابییە بوون کە لەو رووداوەدا بریندار و کەمئەندام ببوون.