گیان لەدەست دانی گوماناوی سەربازێکی کورد لە ئەهواز

22:32 - 12 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کوردی خەڵکی ناوچەی \"کەڵا تەرزان\"ی سنە بەهۆیەکی ناڕوون لە پادگانی سەربازیی شاری ئەهواز گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، هاووڵاتییەک بەناوی \"یاسر محەممەدی\" تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی \"\"نگڵ\" کەلە ئوستانی ئەهواز سەرباز بووە، رێکەوتی ٨ی پووشپەڕ بنەماڵەکەی لەلایەن هێـزە ئینتزامییەکانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ٢ رۆژ پێشتر رۆڵەکەیان بەهۆی راوەستانی دڵـەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەوەش لە حاڵێک دایە کەسانی نزیک لە بنەماڵەی ئەو سەربازە کوردە رایانگەیاندووە، کە یاسر بەزۆری خنکێندراوە و ئاسەوارەکەشی بە جەستەیەوە دیار بووە، بەڵام هەتا ئێستا بنەماڵەی نابراو ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە.

تەرمی ئەو سەربازە کوردە رۆژی پێنج‌شەممەی رابردوو رێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لەگوندی \"نگڵ\" ئەسپەردەی خاک کراوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا سەربازێک بەناوی \"ئومید محەممەدی\" لە ئەنجامی کێشە لەگەڵ لێپرسراوانی مقەڕی سپای ساڵحاوا لە شاری بانە، لەلایەن دەرەجەدارانی ئەو مقەڕەوە کوژرا.

هەروەها پێشتریش سەربازێکی کورد بەناوی \"حامید ماراوی\" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵكی ناوچەی کامیاران لە پادگانی شاری نەغەدە بەشێوەیەکی گوماناوی کوژرا و دواتر لێپرسراوانی سەربازیی ئەو پادگانە رایانگەیاندبوو کە ئەو سەربازە کوردە دەستی داوەتە خۆ کوژی و کۆتایی بەژیانی خۆی هیناوە.