گیان لەدەست دانی گوماناویی کچە خوێندکارێکی کورد لە زانکۆی نازلووی ورمێ+وێنە

13:15 - 11 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کچە خوێندکارانی زانکۆی نازلووی ورمێ بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی ئەو زانکۆیەدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ تەرمی کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی\"شەیدا حاتەمی نوی\" و کچی عەمەر، خەڵکی گوندی \"نوی\"ی سەربە شاری ورمێ، لە خەوتنگەی پەیمانگەی ئەندازیاریی کشتوکاڵیی نازلووی ورمێ‌دا دۆزرایەوە.

بەرپرسی زانکۆی نازلووی ورمێ هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو کچە خوێندکارەی بۆ خۆکوژی گەڕاندۆتەوە، بەڵام هاوڕێکانی بە دڵنیاییەوە دەڵێن، کە شەیدا خۆی نەکوشتووە.

\"18549.jpg\"
شەیدا حاتەمی، بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی زانکۆی نازلووی ورمێ گیانی لەدەست دا
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ شەیدا حاتەمی لە کاتێکدا تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، کە چەندین پڕیشکی خوێن بە جلوبەرگەکەیەوە دیار بووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی شەیدا حاتەمی بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند؛ سەری شەیدا شکێندراوە و دەستیشی بریندار بووە، کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە، ویستوویەتی لە بەرامبەر بکوژەکەدا بەرگری لەخۆی بکات.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ بەرپرسانی زانکۆ بەبێ ئەوەی فیلم و وێنە لە شوێنی رووداوەکە هەڵبگرن، تەرمەکەیان رەوانەی پزیشکی دادوەری کردووەو دەیانهەوێ بەم شێوەیە رووداوەکە بشێوێنن و رێگری لە ناڕەزایەتی دەربڕینی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بکەن.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ برایەکی شەیدا پارێزەری گرتووە و لە رێگەی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ پەروەندەی خوشکەکەی دەکات.

تەرمی ئەو کچە خوێندکارە هەتا ئێستا لە پزیشکی دادوەریی ماوەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوە و هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو کچە خوێندکارە رابگەیەندرێت.

شەیدا حاتەمەی تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵا، لە رشتەی \"زمین شناسی\"ی زانکۆی \"نازلوو\"ی سەربەو شارە بوو.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٠ی رەشەمە کچە خوێندکارێکی خەڵکی نۆدشە بەناوی پەروین حەقیری گیانی لەدەست داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە زانیاری زیاتر لەسەر چۆنیەتی و شێوە و شوێنی گیان لەدەست دانی ئەو کچە خوێندکارە روون نەبۆتەوە.

هەروەها مانگی رەزبەری ئەمساڵ کچێک بەناوی سەحەر چووینی تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری تێرمی دووەمی رشتەی پەرستاریی زانکۆی ددانپزیشکیی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان، بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی زانکۆی بووعەلی لە شاری هەمەدان گیانی لەدەست دا.

سەرلە بەیانی رۆژی دواتر زیاتر لە هەزار کەس لە خوێندکارانی \"زانکۆی بووعەلی\"ی هەمەدان لەمەڕ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو زانکۆیە سەبارەت بە بەدواداچوونی مەرگی گوماناویی \"سەحەر چویینی\" کچە خوێندکاری مەریوانی لە زانکۆی هەمەدان، کۆبوونەوەیەکی بەرینی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.