گیان لەدەست دانی گوماناویی کرێکارێکی بە رەگەز ئێرانی لە شاری سلێمانی

21:39 - 28 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بە گیان لەدەست دانی کارێکارێکی دیکەی کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ئاماری گیان لەدەست دانی کرێکارانی کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ٤ مانگی رابردوودا، گەیشتە ٨ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕ تەرمی کرێکارێکی تەمەن ٢٥ ساڵەی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران، بەناوی عەلی یارئەحمەدی بە خنکاوی دۆزرایەوە.

ئەو کرێکارە کوردە لە کۆمپانیایەکی بیناسازی لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی سەرقاڵی کار کردن بووە.

لەو پەیوەندییەدا وتەبێژی پۆلیسی شاری سلێمانی رایگەیاندووە، ئەو کرێکارە کوردە بە کەمەربەندەکەی خۆی خنکاوە.

وتەبێژی پۆلیس گوتووشیەتی، روون نییە، کە عەلی یارئەحمەدی هەوڵی خۆکوژی داوەو خۆی خنکاندووە، یان بەدەستی کەس یان کەسانێک خنکێندراوە.

هەروەها رێکەوتی ٢٠ پووشپەڕیش، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی کوردی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەناوی یادگار دەروێشی، کەلە شاری هەولێر سەرقاڵی کرێکاری بوو، بەهۆی برق گرتووییەوە گیانی لەدەست دا.

لە ماوەی ساڵی رابردوودا ١٣ کرێکاری خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە، کە ٧ کەسیان لە کاتی کار کردندا، ٢ کەس بە هۆی رووداوی هاتوچۆ، ٣ کەس بەهۆی خنکان لە ئاودا و کەسێکیش لە کاتی کار کردندا کە تووشی جەڵتەی دڵ هاتبوو، ژمارەی کرێکارانی گیان لەدەست داوی کورد لە هەرێمی کوردستان پێک دێنن.