گیان لەدەست دانی گوماناویی هاووڵاتییەکی مەریوانی پاش ئازادکران لە زیندان

18:51 - 29 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، کە مانگێک پێش ئێستا لە زیندان ئازاد کرابوو، بەشێوەی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئارام عەزیزی کوری مەحموود و خەڵکی شاری مەریوان، کە پاش ٨ ساڵ دەستبەسەری لە زیندان ئازاد کرا، بەشێوەی گوماناوی گیانی لەدەست داو کەسوکار و نزیکانی ئەو هاووڵاتییە، ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی بە بەرپرسیار دەزانن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەریوان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئارام عەزیزی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کراوەو پاش هاتنە دەرەوەی لە ئیتلاعات تووشی ئازاری گورچیلە بووەو بەو هۆیەوە رەوانەی شارەکانی ورمێ و سەقز کراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەوەشی خستەروو، کە گومانی ئەوە هەیە ئارام عەزیزی لە نەخۆشخانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لێ ئەستێندرابێت.

ئارام عەزیزی، کە بە تۆمەتی راگرتنی چەک و تەقەمەنی نایاسایی (نگهداری اسلحە و مهمات جنگی غیر قانونی) درابوویە پاڵ، ماوەی ٨ ساڵ لە زیندانی شارەکانی سنە و ورمێ لە دەستبەسەریدا بووەو مانگێک پێش ئیستا لە زیندان ئازاد کرابوو.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە، رێکەوتی ٢٩ی رەزبەر رەوانەی شاری مەریوان کراوەتەوەو لەو شارە بەخاک سپێردراوە.