گیان لەدەست دانی گوماناویی زیندانییەکی کورد لە بۆکان

14:16 - 26 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بەشێوەیەکی گوماناوی لە زیندانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سامان دادرەس کوڕی محەممەد ئەو زیندانییە کوردەی خەڵکی شاری بۆکانە، کە هەتا ئێستاش هۆکاری گیان لەدەست دانی روون نەبۆتەوە.

سامان دادڕەس، خێزاندار و خەڵکی شاری بۆکان بووە، کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان، تەرمەکەی پاش ٣ رۆژ راگیران لە پزیشکی دادوەریی ئەو شارە، رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوەو بە خاک سپێردراوە.

دەگوترێت، کە ئەو زیندانییە کوردە سەرجەم ١٢ ساڵ بووە لە زیندان‌دا بووە، کە پاش ٥ ساڵ راگیران لەزیندانی بۆکان، سەرئەنجام رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردوو، بەشێوەیەکی گومانی گیانی لەدەست داوە.

پزیشکی دادوەریی شاری بۆکان بە بیانووی ئەوەیکە هەتا ئێستا هۆکاری گیان لەدەست دانی سامان دادڕەس روون نەبۆتەوە، هۆکار و چۆنیەتیی گیان لەدەست دانی ئەو زیندانییە کوردەی بە بنەماڵەکەی رانەگەیاندووە.