گیان لەدەستدانی یاریزانێكی كوردی تیمی فووتباڵی \"بێعسەت\"‌ی كرماشان+وێنە

13:01 - 22 رەشەمه 2713
ئاژانسی كوردپا: وەرزشوانێکی ناسراوی كامیارانی و یاریزانی تیمی فووتباڵی بێعسەتی کرماشان بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٩‌ی رەشەممە، محەممەد رەحمانی یاریزانی تیمی فووتباڵی بعسەتی کرماشان لە جادەی كامیاران ـ كرماشان تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەو وەرزشكارە كوردە رۆژی یەكشەممە دوای كۆتایی یاریی تیمی بێعسەت لەگەڵ یانەی بازرگانی شیراز، بە مەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی چۆتەوە شاری كامیاران و رۆژێک دواتر، كاتژمێر ١‌ی نیوەڕۆ، تووشی ئەو رووداوە هاتبوو.

\"18754.jpg\"
یانەی \"زەوب ئاهەنی ئیسفەهان\" لە نامەیەكدا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی محەممەد رەحمانی كردووە
ئەو یاریزانە كوردە لەزانكۆی ئازادی قەزوین لە رشتەی جۆشكاریی توانیبووی بڕوانامەی كارناسی بەدەست بێنێت.

محەممەد رەحمانی تەمەن ٢٧ ساڵ و ئەندامی یانەی \"پیرووزی\"ی كامیارانیش بوو، کە ئەو یانەیە لەساڵەكانی ٨٨ و ٩٢دا توانیبووی لەئاستی ئوستاندا سەركەوتن بەدەست بێنێ‌.

رەزا باجەڵانی بەرپرسی ئیدارەی وەرزش و لاوانی كامیاران، ئەو یاریزانە کوردەی بە وەرزشکارێكی نموونە لەقەڵەم داوە و توویەتی: بە مەبەستی بەرز راگرتنی یادی ئەو وەرزشكارە، جامی فووتباڵ بەڕێوە دەبەین.

لەو بارەیەوە یانەی \"زەوب ئاهەنی ئیسفەهان\" لە نامەیەكدا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی محەممەد رەحمانی كردووە.

تەرمی ئەو وەرزشكارە، رۆژی رابردوو لە شوێنی لەدایکبوونی ئەسپەرەدەی خاک كراوە.
\"18758.jpg\"

\"18757.jpg\"

\"18756.jpg\"