گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێکی لاو بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

20:59 - 16 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی لاو خەڵکی شاری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان حکوومەتی لە شاری پیرانشار گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی \"حاسڵ بادبەرین\" تەمەن ١٨ ساڵ کوڕی \"خدر\" خەڵکی گوندی \"ترکەش\"، لە ناوچەی بەری مێرگان سەر بە شاری پیرانشار لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە لە بەرزاییەکانی قەندیل لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، دەسڕێژیان لێدکرێت و لە ئاکامدا، ئەم کۆڵبەرە لاوە گیانی لە دەست دەدات\".

ئەو کۆڵبە لاوە، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی ڕووی لە ناوچە سنوورییەکان بۆ کاری کۆڵبەری کردووە.

شەوی چوارشەممە لە سەر پێنجشەممە، ١٠ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەڵماس لە سنووری ئەو شارە، بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان گیانی لە دەست دا.

شوناس ئەو کۆڵبەرە کوردە، \"سلێمان بادۆشێوە\"، خێزاندار و کوڕی عیسا، خەڵکی گوندی \"دەرگە\"ی بەخشی کۆساری شاری سەڵماس ڕاگەیەندراوە.

کۆڵبەر بە چین و توێژە زەحمەتکێشەکانیی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.