گیانی "چەنگیز قەدەم خێر" لە مەترسیدایە

11:24 - 22 رەشەمه 2719

پزیشکی "چەنگیز قەدەم ‌خێر"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران، لە زیندانی مەسجێد سلێمانی خووزستان بەو زیندانییە سیاسییەی ڕاگەیاندووە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەرخانکردنی نەخۆشخانەکان بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناتوانن نەشتەرگەریی بۆ بکەن.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "گیانی چەنگیز قەدەم‌ خێر لە مەترسیدایە و بەئەنقەست لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەری کراوە."

ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەشەمە، "چەنگیز قەدەم‌ خێر"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران لە زیندانی مەسجێد سلێمانی خووزستان، پاش خوێنڕێژیی توندی گورچیلەی، لەسەر داوای پزیشکەکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەشەمە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشكی و دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران لەگەڵ "مورەخەسی دەرمانی"، مانی گرتبوو.

گورچیلەی "چەنگیز قەدەم‌ خێر" لە ئەنجامی مانگرتنی لە خواردن تووشی خوێنڕێژیی بووە کە پزیشکەکەی ئیزنی درێژەدان بە مانگرتنەکەی نەدا.

"چەنگیز قەدەم خێر"، تووشی نەخۆشیی گورچیلەیە و بارودۆخی تەندروستیی باشی نییە.

پێشتریش ئەو زیندانییە سیاسییە لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەڕێ نەکردنی بۆ مورەخەسیی دەرمانی، دەستی دابووە مانگرتن.

"چەنگیز" خەڵكی كامیارانە و مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ لە دەوروبەری سنە، لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر كرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دەزگای دادوەریی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە حیزبێكی كوردیدا" بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحكووم کراوە.