گیانی لەدەست دانی شۆفیرێکی پیرانشاری لەهەرێمی کوردستان

14:29 - 12 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: شۆفیرێکی کوردی خەڵکی پیرانشار لە هەرێمی کوردستان، بە هۆی سووتانی ماشێنە بارهەڵگرەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی هەینی رێکەوتی ١١ی رێبەندان شۆفیر تانکێرێکی نەوت‌هەڵگر بە ناوی \"رەحیم سوڵتانی\" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی ئاگرگرتن و سووتانی لەرادەبەدەر، گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە نزیک خاڵی سنووریی حاجی ئومەران لەخاکی هەرێمی کوردستان تووشی ئەو رووداوە بووەو دەگوترێت کە رەحیم سوڵتانی بە هۆی سەرماوە لەنێو ماشێنەکەیدا \"پکنیک\"‌ی هەڵکردووە و بەو هۆیەوە ماشێنەکەی و بۆ خۆیشی لە ئاگردا سوووتاوە.

یەکێک لە شۆفیر تانکێرەکانی گواستنەوە سووتەمەنی بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند، ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆخۆی خاوەنی ماشێنەکە نەبووە و وەکوو شۆفیری تانکێر کاری گواستنەوەی نەوتی لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران کردووە.

هەروەها گوتیشی: \" ئێمە ئەو نەوتە لە شاری هەولێرەوە بۆ سنوورەکانی ئەفغانسان و پاکستان دەگوازینەوە و ماوەی نزیک بە یەک مانگیشمان پێ‌دەچێت\".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیک بە ٥٠٠ تانکێری گواستنەوەی سووتەمەنی لەسنووری حاجی ئومەرانەوە هاتوچۆ دەکەن.