گیانلەدەستدانی یەکێکی دیکە لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری نۆدشە

14:56 - 5 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: کەمئەندامێکی دیکەی کیمیابارانی شاری نۆدشە، بە هۆی ئاسەواری چەکی کیمیاییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێکی دیکە لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری نۆدشە، بە ناوی \"هادی ئیسماعیلی\" ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی بەفرانبار، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران گیانی لەدەست دا.

هادی ئیسماعیلی لە ساڵی ١٣٦٦دا، بە هۆی بوردومانەکانی حکوومەتی بەعس، دەستی بریندار دەبێ و هەر لەو ساڵەدا، بۆ دووهەمین جار، لە گوندی قەڵاجێ، لە لای سینگ و سییەکانیەوە تووشی کیمیاباران بە گازی خەردەل دەبێت.
ناوبراو کە مامۆستای قوتابخانەش بووە، بە هۆی پەرەسەندانی نەخۆشینەکەی، ماوەی سێ ساڵە نەیتوانیوە درێژ بە ئیش و کارەکەی بدات.

هادی ئیسماعیلی لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی، لە شاری نۆدشە سەر بە پارێزگای کرماشان لە دایک بووە و دانیشتووی شاری مەریوان بووە.

شاری نۆدشە لە مەودای ١٠ کیلۆمیتریی سنووری ئێران _ عێراق هەڵکەوتووە. لە ساڵی ١٣٦٦دا، لە ئەنجامی شەڕی ئێران و عێراقدا، کەوتە بەر کیمیابارانی حکوومەتی پێشووی عێراق. شایانی باسە لە ماوەی ٢٨ ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠٠کەس لە کۆی ٥٠٠ کەسی بەرکەوتووی ئەو چەکە، گیانیان لەدەست داوە.