گیانلەبەرانی سروشتی بانە بەدەست ڕاوەوە رزگاریان بوو

16:17 - 29 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە ڕاوچییەکانی شاری بانە بە دەست‌هەڵگرتن لە چەکەکانیان، ژیانێکی نوێیان بەخشییە گیانلەبەرانی ناو قەفەسەکانیان.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سمۆرەیەک و دوو باڵندەی ڕاوکەر و ١٠ کەو لەلایەن ژمارەیەک لە ڕاوچییانی بانە کە لەناو قەفەسدا ڕاگیرابوون، گەڕێندرانەوە باوەشی سروشتی کوردستان.

ئەو ڕاوچییانە بە ئاگرتێپەردانی قەفەسی ئاژەڵان، پەشیمان بوونەوەی خۆیان لە ڕاوکردن دەربڕی و بۆ هەمیشە وازیان لەو پیشەیە هێنا.

بەڕەڵاکردنی ئەو گیانلەبەرانە بە هاوکاریی ئەنجومەنی خەڵکیی پاژین و لەبەرەبەری ڕۆژی جیهانی زەمینی پاک بەڕێوە چووبوو.

بە پێی هەواڵدەریی \"ئیرنا\"؛ بڕیارە تاکوو ڕۆژی ٢ی بانەمەڕ، زیاتر لە ٣٠ چالاکی و فێرکاری ژینگەپارێزی لە سەرانسەری پارێزگای کوردستان ئەنجام بدرێت.

درووشمی ئەو ساڵی ڕۆژی جیهانی زەمینی پاک، \"درەختەکان بۆ زەمین، زەمینیش بۆ ژیان\" دیاری کراوە.

پێدانی مۆڵەتی لەڕادەبەدەر، ئاگر تێبەردان، نەبوونی ژینگەپارێز و گەندەڵیی ئیدارە پێوەندیدارەکان لەو هۆکارانەن کە تێکدانی حەیاتی وەحشی کوردستان و لەناوچوونی دەیان چەشنە گیانلەبەری نایابی لێ‌بکەوێتەوە.

لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا لە زۆربەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، راوچییە کوردەکان، بە شێوەی بەکۆمەڵ و بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی کوردستان، دەستیان لە ڕاوکردن هەڵگرتووە، کە سەرجەمی ئەو چالاکییانە بەبێ یارمەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان بەڕێوەچووە.