گۆڤاری "جیهانی كتێب" دۆسیەیەكی تایبەتی بۆ بەرهەمەكانی ئیبراهیم‌ یوونسی تەرخان كرد

15:24 - 21 جۆزەردان 2712
كوردپا: گۆڤاری \"جیهانی كتێب\" نوێترین ژمارەی خۆیدا كە بۆ مانگەكانی خاكەلێوە و بانەمەڕی ئەمساڵ دۆسیەیەكی تایبەتی بۆ تاوتوێی بەرهەمەكانی ئیبراهیم یوونسی، تەرخان كردووە.

گۆڤاری مانگانەی\"جیهانی کتێب\"، لە نوێترین ژمارەی خۆیدا (275-276) بە بڵاوكردنەوەی چەندین وتاری وەك: \"یوونسی لە روانگەی یوونسی‌یەوە، لە نووسینی محەمەد حوسێن خوسرەوپەنا، پای هاوڕێی، لە نووسینی، ئەحمەد ئەخوەت، ئیبراهیم یوونسی و خوێندنەوەی كوردی لە نووسینی، كاوە بەیات و هەروەها لە بەرهەمەكانی ئیبراهیم یوونسی\" نووسینەکانی نووسەر و وەرگێڕی كۆچكردووی كورد تاوتوێ‌ كراون.
\"4817.jpg\"
ئەو گۆڤارە لە 17یەمین ساڵی بڵاوبوونەوەیدا لە دووتۆێی 70 لاپەڕە و بە كردنەوەی دەڵاقەیەك بە رووی گێڕانەوە و ئەدەبی منداڵاندا لە رۆژانی سەرەتای مانگی جۆزەردان ‌كەوتەبەر دیدی خوێنەرانی.

ریکەوتی ٢ جۆزەردانیش بەشی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزیی سەر بە كۆلیژی ئەدەبیات و زانستە مرۆییەكانی زانستگای بەهەشتیی تاران لە توێژینگەی خوێندنەوەی وەرگێڕانی ئەو زانستگایە بە بەشداریی دوکتۆر بەختیار سەجادی و سروە مونیری لە كۆڕێكدا لەژێر ناوی \"ریالیزم لە وەرگێڕان\" دوو مامۆستای كورد لە كۆڕێكدا بەرهەمەكانی دوکتۆر ئیبراهیم یوونسی شرۆڤە کران.

دوکتۆر ئیبراهیم یوونسی، نووسەر و وەرگێری كورد ساڵی 1305 لە شاری بانە لەدایك بووە.

ـ لە ماوەی زیاتر لە 85 ساڵ تەمەنیدا گەلێك بەرهەم و كتێبی بەنرخی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی و چەندین رۆمانی ناوازەشی نووسیویە كە هەوێنی زۆربەیان روودا و پێشهاتە سیاسی، مێژوویی و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستانن.

ـ لەمەڕ مێژووی هاوچەرخی سیاسیی كورد چەند بەرهەمی بەنرخی نووسەرانی بیانیی وەرگێڕاوە.

ـ سەرەنجام پاش زیاتر لە 85 ساڵ تەمەنی پڕ بەرهەم، رێكەوتی 19ی رێبەندانی ساڵی 1390ی هەتاوی لە تاران كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی سڵێمان بەگی بانە لە زێدی لەدایك بوونی بە خاك سپێردرا.