گۆلی ورمێ لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ناو دەچێت

19:59 - 23 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: گۆلی ورمێ بە هۆی کەمتەر خەمی و پێڕانەگەیشتنی پێویست لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئێجگاری لە ناو دەچێت.

نادر قازی‌پوور نوێنەری خەڵکی ورمێ بە ماڵپەڕی فەرمیی مەجلیس راگەیاند: گۆلی ورمێ لە ئێستادا لەبەرەبەری لە ناوچوونی یەکجارەکی دایە و ٥٠ گوندی دەوروبەری ئەو گۆلە بە ناچاری ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان بەجێهێشتووە و تێچووی راگواستنی گوندەکانی دەوروبەری ئەو گۆلە ٢٥ هەزار ملیارد تمەن تێچوو هەڵدەگرێت.

\"10701.jpg\"
ئەو نوێنەرەی مەجلیس ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەگەر کەمتەرخەمی بەرپرسان لەمەڕ گۆلی ورمێ بەم شێوەیە درێژەی هەبێت لەماوەیەکی نزیکدا ئەو گۆلە بە تەواوەتی لە ناو دەچێت کە زیان و پاشهاتەەکانی بە سەدان ملیارد دۆلار قەرەبوو ناکرێنەوە.

قازی‌پوور ئەوەشی خستەڕوو، کە بە هۆی نابەرپرسیارەتیی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ رۆژ لە دوای رۆژ روو لە کەمی دەکا و لە داهاتوویەکی نزیکدا بە تەواوەتی لە ناو دەچێت و دەبێ چاوەڕوانی تۆفانی خوێ لەو ناوچەیە بین.

گۆلی ورمێ ماوەی چەندین ساڵە لەگەڵ قەیرانی کەم ئاوی بەرەوڕوو بۆتەوە و بە شێوەیەک هەتا ئێستا زیاتر لە ٦٥%ی ئاوی ئەو گۆلە وشک بووە.