گۆرانیبێژێکی کورد بانگهێشتنی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا

15:54 - 14 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گۆرانیبێژێکی کوردی بانگهێشت کرد و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، گۆرانیبێژێکی کورد بە ناوی \"وەلی حسێنی\" خەڵکی گوندی شیان سەر بە شاری سنە بانگهێشتنی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعات هەڕەشەیان لەم گۆرانیبێژە کوردە کردووە کە نابێت لە جەژنە نەتەوەییەکانی کوردستاندا بەشداری بکات.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا وتی: هێزەکانی ئیتلاعات بەم گۆرانیبێژە کوردەیان وتووە کە ئەگەر بەشداری لەم جەژنانەدا بکات و داواکەی ئەوان پشتگوێ بخات ئەوا ڕووبەڕووی حوکمی قورسی دادگا دەبێتەوە.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە دوای چەند کاتژمێر لێكۆڵینەوە، ئازاد کراوە.
ئەمە چەندەمین جارە، ناوەندەکانی ئیتلاعات ئەم گۆرانیبێژە بانگهێشت و لێكۆڵینەوی لەگەڵ دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوە، هێزەکانی ئیتلاعات دەستیان بەسەر بەڵگەنامەکانی هاووڵاتیەکی کورد، بە ناوی \"بێهزاد خزری\" دا گرتووە و دوای بانگهێشت کردنی ناوبراو، دەسبەسەریان کردووە.