گڵكۆی محەمەد هەوراز بۆتە سەمبولی یەكیەتیی كورد و ئازەرییەكان

16:03 - 29 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: یەكەمین چالاكی لەژێر ناوی \" هەرمانانی چیا\" بە یادی محەمەد هەوراز، شاخەوانی ناوداری كورد لەشاری نەغەدە بە بەشداری دەیان گرووپی وەرزشیی شارە جیاجیاكانی كوردستان، بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٧‌ی خەرمانان، تالاری \"سوهەیل\"‌ی نەغەدە میوانداریەتی رێوڕەسمی یادكردنەوەی محەممەد هەوراز شاخەوانی كۆچكردووی كورد كرد.

یازدەیەمین ساڵیادی \"قارەمانی ئیڤێرست\"، بە وتەكانی بەرپرسانی حكوومەتی و وەرزشكارانی خاوەن پێشینە دەستی پێكرد و لەو رێوڕەسمەدا رێز لە بنەماڵەی ١٦ شاخەوانی كوردستان و ئێران بۆ وێنە موقبیل هونەرپەژوە، عەبدولحوسێن عەزیزی، لەیلا ئیسفەندیاری و ...، گیرا.

موقبیل لەساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لەشاری بۆكان لەدایک بووە، کەلە تەمەنی ١٩ ساڵیدا توانی لووتكەی چیای \"لووتسە نپاڵ\" ببڕێ‌.

ئەو شاخەوانە كوردە لەپاییزی ساڵی ١٣٨٦‌دا و لە كاتێكدا كە لە بەرزاییەكانی چیای \"بەردە زەرد\"‌ی بۆكان سەرقاڵی راهێنان و تەمرین بوو، كەوتە خوار و دوای چەند مانگ مانەوەی لە \"كۆما\"‌دا، سەرەنجام خەزەڵوەری ٨٦ لە نەخۆشخانەی عارفیەی ورمێ‌ گیانی لەدەست دا.

بەرپرسی فیدراسیۆنی شاخەوانی، محەمەد هەورازی لە دامەزرێنەران و گەڵاڵەدارێژەرانی \" بڕینی هیمالیا بەشێوەی مۆدێڕن\" لەئێران لەقەڵەم داوە و وتی: بەپێی ئامارەكان هەر حەفتە زیاتر لە یەك ملوێن كەس بە مەبەستی وەرزش و جەستەیەكی تەندروست روو لە چیاكان دەكەن.

لەو رێوڕەسمەدا شاخەوانانی شارەكانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، بۆكان و سەردەشت و نەغەدە بەشدار بوون.

\"نەغەدە پێتەختی شاخەوانی\"، دەستەواژەیەك بوو كە جێگری پەرەپێدان بە وەرزشی گشتی لەوەزارەتی پەروەردە، باسی لێوە كرد و هەروەها رەخنەی لە نەبوونی حوزووری ژنان گرت و خوازیاری هاوسەنگی لە پرسی وەرزشدا بوو.

سیامەند رەحمانی قارەمانی پارئۆلەمپیكی جیهان و خەڵكی شنۆ و شەریف زەردی هاوڕێی هەوراز، لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بوون.

ژەنینی چەند پارچە مۆسیقا لەلایەن گرووپی \" شەبنەم\" و هەروەها نمایشی كەلوپەلی شاخەوانی محەمەد هەوراز بڕگەیەكی دیكەی رێوڕەسمەكە بووە.

لە كۆتایی رێوڕەسمەكەدا بەشداران چوونەتە سەر گڵكۆی هەوراز لەدواێنی چیای سوڵتان یاقووب، بەڵام بەرپرسانی حكوومەتی بە بیانووی كەمیی كات خۆیان لەو چوونە سەر گۆڕی هەوراز بواردبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا و بە بۆنەی بەرز نرخاندنی یادی محەممەد هەوراز، ٥٤ كەس لە شاخەوانانی شاری مەهاباد بەرزایی چیای \"دەماوەند\"‌یان بڕیبوو، هاوکات ١٢ شاخەوانی شاری شنۆ بە سەر چسای \"سەبەلان\"‌دا سەركەوتبوون.

خاوێن كردنەوەی چیای سوڵتان یاقووب و شوێنی ناشتنی محەممەد هەوراز لەلایەن گرووپە شاخەوانییەكانی سامڕەند، بێستوون، ئارارات، سوڵتان، فەراز، زاگرۆس و شاهۆ چالاكییەكی دیكە بوو كە ئەنجام دراوە.

بەپێی وتەی شاخەوانانی سامرەندی نەغەدە، شێواز و پێكهاتەی گڵكۆی هەوراز گەڵاڵەی خۆی بەر لە مردن بووە كە دوو بازنە و بەردە قەبرێكە، یەكێك لەبازنەكان سەمبولی نەتەوەی كورد بووە و باونەكەی دیكەش سەمبولی نەتەوەی ئازەرییە.

هۆكاری ئەو پێكهاتە و داڕشتنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە محەمەد هەوراز باوكی كورد و دایكی ئازەری بووە.

ئەو شاخەوانە كوردە ساڵی ١٣٤٨ لە نەغەدە چاوی بە دونیا هەڵێنابوو و ساڵی ١٣٨٢ كاتێک كە دەیویست لووتكەی \" گاشربروومی ١\" لە وڵاتی پاكستان ببڕی، كەوتبووە ژێر رنووە بەفرەوە و دوای ماوەیەك مانەوە لە نەخۆشخانە، هەمان ساڵ گیانی لەدەست دا.

وێنە: لاپەڕەی فەیسبووکی تیمی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە

\"22178.jpg\"

\"22176.jpg\"

\"22179.jpg\"

\"22177.jpg\"

\"22180.jpg\"

\"22181.jpg\"

\"22173.jpg\"

\"22175.jpg\"

\"22174.jpg\"

\"22189.jpg\"