گوڕینی ڕێڕەوی هاوردە، ناڕەزایەتی دووکاندارانی پیرانشاری لێ‏کەوتەوە

15:00 - 16 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: بە دەیان دووکاندار و کاسبکاری کورد لە پیرانشار بەدژی بڕیاری بەرپرسانی حکوومەتی لەو شارە دەستیان داوەتە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە ٦٠٠ کەس کە زۆربەی هەرەزۆریان دووکاندار بوون، لە بەردەم فەرمانداریی پیرانشاردا کۆبوونەوە.

ناڕەزایەتی ئەو هاووڵاتیانە لەهەمبەر بەستنی ڕێڕەوی سنووریی شارەکەیە کە نزیک بە ٤ مانگە داخراوە.

داخرانی ئەو ڕێڕەوە بووەتە هۆی بەجێمانی سەدان تەن شتومەکی بازرگانەکان لەودیو سنوورەوە کە ئەگەری لەناوچوونی یەکجارەکی ئەو کاڵایانە لەئارادایە.

سەبارەت بەو مانگرتنە، هەواڵنێری کوردپا لە زاری یەکێک لە مانگرتووەکانەوە ڕایگەیاند: \"ماوەیەکە دووکاندارەکان دەبیستن کە بە بڕیاری بەرپرسانی دەوڵەت، ڕێڕەوی هاوردە لە سنووری تەمەرچین لە پیرانشارەوە بۆ شاری موحەمەدیاری سەربە نەغەدە دەگوڕدرێت\".

بە وتەی ئەو سەرچاوە خەبەرییە، پێشگرتنی ٤ مانگە بەو شتومەکانە، هەر لە پێناو چەسپاندنی ئەو بڕیارەدایە، بەڵام لەبەر زۆر هۆکار بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە.

لەدرێژەدا ئەو هاووڵاتییە ڕایگەیاند کە؛ هاوردەی نیو میلیۆن تەنی لە حاجی عومەران لە پاوانی چەند کەسی نزیک لە بەرپرساندایە کە بەداخەوە کوردیشیان تێدایە.

لە خۆپیشاندانی ڕۆژی شەممە، پانزدەی ڕەشەمەدا، نوێنەری پیرانشار لە مەجلیس و فەرمانداری ئەو شارە هاتنە نێو مانگرتووەکان و تەنیا بەڵێنی \"کردنەوەی کاتیی\" تا پێش ساڵی تازەیان دا.

سەرەڕای بوونی ئەو سنوورە نێودەوڵەتییە لە پیرانشار، بەڵام ئەو شارە لەنێو شارەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا، زۆرترین بێکار، دەستفرۆش و پەراوێزنشینی هەیە.

دۆخی شتوومەک و نەبوونی پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵک لە ئاستێکدایە کە یەکێک لە ماڵپەڕە خۆجێییەکانی پیرانشار وەک \"کارەساتی کۆمەڵایەتی و ئابووری\" پێناسەی کردووە.