گوڕینی سزای زیندانیی سومەیە کارگەر بۆ سزای نەختی

12:54 - 13 خەرمانان 2722

حوکمی ٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی تەعزیریی سومەیە کارگەر، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام، بۆ سزای نەختی گۆڕدرا و دۆسییەکەی داخرا.

مستەفا نیلی، پارێزەری دادگوستەری بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە لە توییتری خۆیدا، نووسیوویەتی: "بەپێی بیروبوچوونی پزیشکی یاسایی لەسەر(عدم امکان تحمل کیفر حبس)
 بۆ سومەیە کارگەر، سزاکەی بۆ سزای نەختی گۆڕدرا و دۆسییەکەی داخرا".

سومەیە کارگەر مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "بەشداری لە ئیدارە کردنی گرووپی نایاسایی" بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "چالاکی پروپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری، مەحکووم کرابوو.

سومەیە کارگەر، هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئیلام و دەرچووی بەشی فەلسەفە لە زانکۆی تەورێز، ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٩، لەلایەن مەئموورانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە ماڵەکەی خۆیدا، لە تاران دەسبەسەر کرابوو و بۆ بەندی ٢ی ئەلفی گرتنگەی ئیڤین ڕاگوێزرابوو و پاش ٤ مانگ لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین گوێزرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی قەرچەکی وەرامین ئازاد کرابوو.